لایەنگرانی گۆڕان لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی نەوشیروان مستەفا چەند سەرکردەیەک نیگەران دەکەن
بەپێی زانیارییەکان، لە کاتێکدا کە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە نیازبوون بچنە سەر تەختە و لەگەڵ ماتەمگێڕاندا بەشداری لە مەراسیمەکە بکەن، بەڵام لەلایەن ئامادەبووانی مەراسیمەکە کە لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕانن، بە گوتنەوەی درووشمی توند، ڕێگەیان نەدا نزیک ببنەوە و دواتر مەراسیمەکەیان جێهێشت.
هاوکات لەنێو مەراسیمەکەدا و لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکاندا، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەبەر درووشمەکانی هەوادارانی گۆڕان، ناچار بوو بڵێت: ”ئێمە بۆ موزایەدە لێرە نین“.
هاوکات عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش لەبەر درووشمەکانی لایەنگرانی گۆڕان لەنێو مەراسیمەکە، بە ناچاری گوتی: ”چەند شتێکتان دەخەمەوە بیر، من هاوڕێیەتییەکی لەمێژینەم لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا هەیە“.
باسنیوز
