زانیاریی نوێ لەبارەی گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەی فەرمانبەران
د.ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: کاتی خۆی حکوومەت پاشەکەوتی ناچاریی مووچەی پەیڕەو کرد، سەرۆکی حکوومەت ئەوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکوومەت لە ناچاری بڕیاری پاشەکەوتی مووچەی داوە، ئەو بڕیارە بۆ ئەوە بوو کە پاشەکەوت لە کاتی خۆیدا بدرێتەوە، چونکە حکوومەت نەیدەتوانی مووچە بەتەواوی بدات، بەڵام دوای زیاتر لە ساڵێک بەسەر تێپەڕبوونی ئەو سیستەمە، دەبێت پێداچوونەوەیەکی ڕیشەیی لەو بابەتەدا بکەین".
جەختیشی لەوە کردەوە: "بۆچوونی من ئەوەیە کە ئەو سیستەمەی پێشووی مووچە کە عێراق لەسەری مووچە دابەش دەکات، (بەپێی دەستووری عێراق و یاساکانی پەرلەمان، حکوومەت بۆی نییە، بە ھیچ شێوەیەکی دەستکاریی ئەو سیستەمە بکات، تاکوو لە بەغدا نەگۆڕێت، بەپێی ماددەکانی 109 و 110 و 111ی دەستووری عێراق، مووچە و پرسی دارایی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقییە)، پەرلەمانی کوردستانیش بڕیاری دەرکردووە و حکوومەتی ناچار کردووە کە ھەر شایستەیەکی دارایی لە بەغدا خەرج دەکرێت، دەبێ لە کوردستانیش خەرج بکرێت، بەڵام ئەوە بۆ کاتێک بوو کە پارە زۆر بووە، بەڵام ئێستا ئەوە ئاستەمە، بۆیە دەبێ لەڕووی یاساییەوە ئەوە چارەسەر بکرێت و گۆڕانکاری لەو سیستەمەدا بکرێت".
د. ئاراس خۆشناو جەختی لەوەش کردەوە: "ئەوەی من پێشنیاری دەکەم، پێداچوونەوە بەو سیستەمەدا بکرێت، ناکرێ لە سیستەمی مووچە لە 43d مووچەی بنەڕەتی بێت، لە 57ی تەنیا دەرماڵە بێت، دەرماڵەکانیش بەشێک دەرماڵەی دروستن و جێگرن، وەک بڕوانامە، خێزانداری، منداڵ، بەڵام دەرماڵە پیشەییەکان کە زۆرە، لەکۆی عێراق و کوردستان بە شێوەی عەدالەت و سوودبەخش دابەش نەکراوە، بۆ ھەموو خەڵک کراوە و باش و خراپ ون بووە، بۆیە دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە دەرماڵە بدرێتە ئەوانەی زۆر زۆر شایستەن، بۆیە دەکرێت بەو بڕیارەدا بچنەوە کە 620 ملیار دینارە، پێداچوونەوە بکرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی زەرەرمەند بوون دۆخی داراییان باشتر بکرێت".
گوتی: "دۆخێکی نائاساییی لە کوردستان ھەیە، لە قەیرانێکی سەخت بووین، ئێستا خەریکە خۆمان دەگرینەوە، دەبێ چارەسەری ڕیشەیی پرسی مووچە بکەین، زیاتر لە ٨ ترلیۆن دینار حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قەرزداری پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی خۆیەتی، ئەمە تاکەی؟ ھەموو مانگێک ١٥٠ ملیار دینار قەرز لەسەر حکوومەت زیاد دەبێت، ھەموو مانگێکی ئەگەر لە کاتی خۆی بدرێت، چوار مانگ جارێ ئەم قەرزە دەبێتە یەک ترلیۆن دینار، تاکەی؟ خۆ ڕۆژێک دەبێت بدرێتەوە، چۆن بدرێتەوە؟ دەبێ چارەسەر بکرێت، ئەوەش بەکردنەوەی دەرچەیەکی یاسایی دەبێت، لەوەی بەو شێوەی بەردەوام بین زەرەرە، چونکە نیگەرانی ھەیە زۆر لە چینەکانی کۆمەڵگە زەرمەندن وەک خاوەن بڕوانامەی بەرز مامۆستایانی زانکۆ کە زۆرترین زەرمەندن.
ئەوەشی خستەڕوو، ھەموو ماژە ئابوورییەکان بەرەو باشتربوونە و باش دەبێت، بەڵام فاکتەرە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەکی و سیاسەتی جیھان ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نەوت دەبێت و نەوتیش داھاتی سەرەکیی کوردستانە و کایگەریی زۆری دەبێت و ئەگەر کایگەرییان نەبێت، ھەموو ئاماژەەکان بەرەو باشتر بوونە".
باسنيوز
