بارزانی و شاعەبدوڵڵا كۆبوونهوه
ماڵپهری سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان ڕاگهیهنراوێكی سهبارهت به سهردانهكهی بارزانی بڵاوكردووهتهوه تیایدا ئاماژه دراوه به ئهوهی كه ڕۆژی پێنجشەممە 18ـی 5ــی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شا عەبدوڵڵا پادشای شانشینی ئۆردۆن و بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە دەریای مردووی ئۆردۆن سەردانی شانشینی ئۆردۆنی كرد و لە فڕۆكەخانەی ئەممانی پایتەختی شانشینی ئۆردۆن لە لایەن شاندێكی حكوومی و سەربازیی ئەو وڵاتە پێشوازی كرا كە پێكهاتبوو لە ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن و عەبدوڵڵا وریكات ڕاوێژكاری پادشای ئۆردۆن و وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئۆردۆن و پارێزگاری ئەممانی پایتەخت و نوێنەری هێزە چەكدارەكانی وڵاتی ئۆردۆن.
ئهوهش ڕوونكراوهتهوه كه لە یەكەمین وێستەگەی سەردانیدا بۆ شانشینی ئۆردۆن مەسعود بارزانی لەگەڵ شا عەبدوڵڵا پادشای ئۆردۆن كۆبووهتهوه لەو كۆبوونەوە دوو قۆڵیەدا هەردوولا بیروڕای خۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا پێشهاتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و شەڕی تیرۆر ئاڵوگۆڕ كرد.
ئاماژهش به ئهوهدراوه كه هەر نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ نیوەڕۆخوانێك لەسەر شەرەفی بارزانی لە لایەن شا عەبدوڵڵا پادشای ئۆردۆن ڕێكخرا و لەو نیوەڕۆخوانەدا ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن و سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی ئۆردۆن و سەرۆكی ئەركانی سوپا و چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە ئامادە بوون.
ئێوارەی هەمان ڕۆژ مەسعود بارزانی بە مەبەستی هەواڵپرسین و بەسەركردنەوەی چەند پێشمەرگەیەكی بریندار سەردانی نەخۆشخانەی شاری پزیشكیی ئەلحوسێن كرد و لە نزیكەوە هەواڵی باری تەندروستیی پێشمەرگە بریندارەكانی پرسی و هیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ خواستن كە لەو نەخۆشخانەیەدا لەژێر چارەسەری پزیشكیدان.
bas news-
