نووری حەمە عەلی: ناکرێ بۆ سازدانی ریفراندۆم مەرج دابنرێ
(نووری حەمە عەلی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە و بۆ ئەمەش گفتوگۆی ڕاشکاوانەی لەگەڵ حزبەکان کردووە، بەداخەوە ئەوەی نایەتە ژێر بار بزووتنەوەی گۆڕانە. ئێمە گوتوومانە دەکرێت دەستەیەکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام ناکرێت پەرلەمان دوابخرێت لەبەر ئەوەی گۆڕان سوورە لەسەر بەربژێرکردنی کەسێک، کە هۆکار بووە بۆ ئەوەی پەرلەمان بگاتە ئەو حاڵە، بۆیە تۆپی کاراکردنەوەی پەرلەمان لەبەردەم گۆڕان و یەکێتیدایە و پێشمان گوتوون، کە ئەگەر خۆیان ڕێک کەوتن، وەڵامی پارتی بدەنەوە، بەڵام گۆڕان ئەوەشی قبووڵ نییە، لە کاتێکدا ناکرێت ئەو هەموو پرسە گرینگانە هەموویان ببەسترێنەوە بە ویستی کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە، کە ویستێکە، دواجار بەرژەوەندیی حزبی دەیەوێت تێیدا زاڵ بێت. ئێمە گوتوومانە، بێنە پێشەوە با پەرلەمان کارا بکەینەوە.''
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی گوتیشی: ''ئیستا پرسی ڕیفراندۆم لە ئارادایە و پرسێکی نیشتمانییە و خواستی خەڵکە و لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی کوردستانە و ناکرێت ئەم پرسە دوابخرێت لەبەر ئەوەی کراوە بە مەرج لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان. ئێمە کاتی خۆی هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢مان کرد، ئەوکاتە نە پەرلەمان هەبوو، نە هیچ دەزگایەک، بەڵام کە ویستی خەڵک لەسەر ئەوە بوو، ئەوانە نەبوونە کیشە و هەڵبژاردن کرا، دواتر پەرلەمان دەستبەکار بوو، ئیستاش گرینگە کە ڕیفراندۆم بکرێت و هیچ مەرجێک لەبەردەمی دانەنرێت.''
kdp-
