کەرەم بۆ جبووری: عێراق دابەش ناکەین بەڵکو جیا دەبینەوە

 	 کەرەم بۆ جبووری: عێراق دابەش ناکەین بەڵکو جیا دەبینەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە وەڵامی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، عێراق دابەشناکەین بەڵکوو جیادەبینەوە.

(عەرەفات کەرەم)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هێرشی (سەلیم جبووری)، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆسەر هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هەیە، هەموو ئەوانەی نوێنەری ئیسلامی سیاسین، بەتایبەت (سەلیم جبووری)، کە نوێنەری ئیسلامی سیاسیی ئیخوانییە، هەروەها (مالیکی)، نوێنەری ئیسلامی سیاسیی شیعەیە، هەردووکیان لە ئایندەی خۆیان دەترسن و دەزانن ئیسلامی سیاسی کۆتایی هاتووە، لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا مەترسیی گەورەیان لەسەرە، بۆیە ئێستا هەوڵ دەدەن بانگشەی پێشوەخت بکەن، دواتر (سەلیم جبووری)، کاتی خۆی تۆمەتباربوو بە تیرۆر، بەڵام بە شێوەیەکی سیاسی گرفتەکەیان لەسەر لادا، بۆ ئەوەی ببێتە داردەستی (مالیکی) و، بێجگە لەمانەش، (سەلیم جبووری) ناتوانێت لەجیاتی خەڵکی کوردستان بڕیار بدات، ئێمە وەک خەڵکی کوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان دەدەین.''

(عەرەفات کەرەم) گوتیشی: ''سەبارەت بەو لێدوانانەی کە (سەلیم جبووری) لەدژی هەرێمی کوردستان دەیدات، ئێمە پێی دەڵێین، عێراق دابەش ناکەین، بەڵکو لە عێراق جیا دەبینەوە، دابەشکردن بۆ وڵاتێک دێت کە خۆی لە بنەڕەتدا یەک وڵات بووبێت، بەڵام کوردستان بە عێراقەوە لێکنراوە، بۆیە ئیستا گەلی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات، ئەویش ڕیفراندۆم و دواتر سەربەخۆیییە.''
kdp-
Top