وەزارەتی ناوخۆ کاتی مانەوەی گەشتیارانی ئێرانی لە ھەرێمدا دیاری کرد
(نادر ڕۆستی)، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی گەشتیارانی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستاندا لە ١٥ ڕۆژەوە بۆ ٣٠ ڕۆژ زۆری کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاری و مانەوەی گەشتیارانی ئێران لە ھەرێمی کوردستاندا دەبێت، چونکە پێشتر بەھۆی کەمیی ماوەی مانەوەوە گەشتیاران نەیاندەتوانی لەو ماوە کەمەدا ھەموو شارەکانی ھەرێم و شوێنە گەشتیارییەکان بەسەر بکەنەوە، بەڵام دوای ئەو بڕیارە بێگومان کاتی زیاتریان پێ دەدرێت و بە بڕیارێکی ئەرێنی دەبینین.''
(ڕۆستی) گوتیشی: ''تا گەشتیار زیاتر لە ھەرێمی کوردستان بمێنێتەوە، زیاتریش خەرجی دەبێت و لەبەر ئەوە بڕیارەکەی وەزارەت دەرفەتێکی دیکەیە بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاری گەشە بکات و ئابووریی ھەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ھەنگاو بنێت، ئێمە بە بڕیارێکی ئەرێنی دەبینین، بەتایبەت سزای مانەوەش دوای تەواوبوونی مۆڵەتی٣٠ ڕۆژەکە کەمتر کراوەتەوە، ئەوەش یەکێکە لە خالە گرینگەکانی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ.''
kdp-
