لێژنەی ناوخۆ: ھێزی چەکدار دۆخی ئەمنی شارۆچکەی چەمچەماڵی تێکداوە
میدیا شێخ ئەحمەد، ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەمیانی گفتوگۆیەکدا بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "ھەموو ئەوتاوانانەی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ڕوودەدات، پەیوەندی بە دەزگا ئەمنیەکانەوە نییە، بەڵکو ھۆکارەکەی بۆ بەرپرسانی حزبەکان دەگەڕێتەوە کە لە شارۆچکەی چەمچەماڵ پێگەی بەھێزیان ھەیە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی روون کردەوە: "لەگەڵ ئەوەشدا دەزگا ئەمنییەکان بە جۆرێک لەجۆرەکان لەدەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کاتێک تاوانێکی دیاری کراو ئەنجام دەدەن لاوازن، منداڵی تەمەن ١٢ ساڵ ھەیە چەکی پێیە و تەقە دەکات، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ھەوڵی دەستگیری کردنی نادەن، بێگومان ھۆکارەکەشی تەنھا بۆ بوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خێڵ و عەشرەتی ناوچەکە دەگەڕێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "لەماوەی ڕابردوودا ھێزێکی چەکدار پەلاماری بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی چەمچەماڵی داوە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئەو کەسانەیان دەستگیر نەکردووە، ئەگەر دەستگیریش بکرێن دوای چەند کاتژمێرێک دەستگیر دەکرێن، بۆیە پێویستە بە زوویی چارەسەرێکی گونجاو بۆ دۆخی ئەمنی پارێزگای چەمچەماڵ بدۆزرێتەوە".
ھاوکات دانای شەھید جەزا، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رای گەیاند: "تەقەکردن لەشارۆچکەی چەمچەماڵ ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئێستا دۆخی ئەمنی شاۆچکەی چەمچەماڵ لەژێر پرسیاردایە و پێویستە دەزگا ئەمنییەکان بەجۆرێکی دیکە ھەوڵی پاراستنی دۆخی ئەمنی شارۆچکەی چەمچەماڵ بدەن".
روونیشی کردەوە: "پێشتر ھێزی چەکدار ئارپیجی ئاڕاستەی وێستگەی کارەبایی چەمچەماڵ کردووە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئەو کەسانەیان دەستگیر نەکردووە، بێگومان ئەوەش پێمان دەڵێت ئەو کەسانەی تەقە دەکەن و پەلاماری دامودەزگای حزبەکانیش دەدەن، ھێزی چەکدارن و لەژێر ڕکێفی لایەنێکی دیاری کراودان".
ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٨/5/2017 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەسەر ڕەوشی ئەمنی شارۆچکەی چەمچەماڵ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دا، ھەریەک لە قایمقام، بەڕێوبەری ئاسایش و بەڕێوبەری پۆلیسی شارۆچکەکە بانگھێشتی کۆبوونەوەکە کراون و لەسەر دۆخی ئەمنی شارۆچکەکە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
باسنيوز
