ئازاد تۆفیق: بزووتنەوەی گۆڕان ورە وردە بەرەو نەمان و کووژانەوە دەچێت

 ئازاد تۆفیق: بزووتنەوەی گۆڕان ورە وردە بەرەو نەمان و کووژانەوە دەچێت
ئەندامێکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان، ”دیاردەیەکی ئیعلامی“ بوو و ئێستا کۆتایی پێھاتووە، چونکە ئەو بزووتنەوەیە نەیتوانیوە ھیچ شێک بکات، لەکاتێکدا ھەموو خەڵکی کوردستان، دوو جاری جیاواز ئەزموونی گۆڕانی بینیوە.



لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لایەنگرانی گۆڕان لە شوێنی جیاجیا، کەمپینێکیان لە دژی قسەکانی سالار عەزیز، سەرکردەی پێشووتری یەکێتی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی گۆڕان ئەنجام دا. لەمبارەیەشەوە ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی، ڕاگەیاند:“ماوەی چەند ڕۆژێکە ئەو تەشھیرە بەردەوامە، سالار عەزیز، کەسایەتییەکی سیاسیی گەورەی ئەم وڵاتەیە، خۆشی بەنزیک لە یەکێتی دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەقەد ھەموو قورسایی بزووتنەوەی گۆڕان، خەبات و تێکۆشانی بە دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان کردووە، ھەروەھا پیاوێکی واقیع بینە و خاوەنی ئەزموونی خۆیەتی و ڕاشکاوانە بۆچوونەکانی خۆی دەردەبڕێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان تەشھیرێکی ناڕەوا ئاڕاستەی ئەو کەسایەتییە دەکات“.



ئازاد تۆفیق باسیشی لەوە کرد: "گۆڕان باجی ئەو ئیرھابە فکرییە دەدات، وردە وردە بەرەو نەمان و کوژانەوە دەچێت، چونکە ھەر کەسایەتییەکی سیاسی قسەیەک بکات، بەڵام قسەکەی ئاشی گۆڕانی پێ نەگێڕێت، ڕاستەوخۆ گۆڕان تەخوینی دەکات و تەشھیر پێ دەکات“.



ئەو ئەندامەی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی بە پێویستی دەزانێت، گۆڕان ”واز لەو ئیراھابە فکرییە بھێنێت“ و دەڵێت: ”لە کوردستاندا دەنگی جیاواز و بۆچوونی جیاواز ھەیە، بەڵام لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا، دەبێت بە خواست و میتۆدی ئەوان قسە بکەیت، پێویستە گۆڕان باش ئەو ڕاستییە بزانێت کە لەم وڵاتەدا پارتی و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو ھەیە، بێگومان ئەم حزبانە جیاوازن، بۆ نموونە: کۆمەڵ و یەکگرتوو یەک مەرجەعیان ھەیە، ئەویش پێکھاتووە لە قورئان و سونەتی پێغەمبەری ئیسلام، بەڵام ئارایشتی ئەو دوو حزبە جیاوازە، بێگومان ئەوە نە کفرە و نە تاوانە“.



ئازاد تۆفیق پێی وایە، تەنانەت ئەگەر کەسێک خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشرابێت، بەڵام قسەیەک بکات کە ”قسەکەی نەچێتە گیرفانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە“، ئەو کەسە بەلای ئەوانەوە نەخوێندەوارە، ھەروەھا ”ھەر کەسێکیش پاڵەوان بێت، بەڵام قسەکانی لە بەرژەوەندیی گۆڕان نەبێت، ئەو کەسە ترسنۆک و بودەڵەیە، بۆیە بەبۆچوونی من، ئیرھابی فکری ئەوەیە کە تۆ کارێکی وەھا بکەیت، ھەموو کەس وەک تۆ بیر بکاتەوە“.







باسنیوز
Top