پەروێز ڕەحیم: ھەڵبژاردنی ھەر سەرۆکێک لە ئێران ھیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە بۆ کوردانی ڕۆژھەڵات
کۆتاییی ئەم ھەفتەیە پرۆسەی ١٢ـیەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرککۆماری و ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی شار و گوندەکان لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە دەچێت، یەکەم خول ساڵی ١٩٩٨بەڕێوە چوو، لە سەردەمی دەسەڵاتی ریفۆرمخوازان.
لە کۆماری ئیسلامی بە ھۆی جۆری سیستەمی سیاسی و دەستوور و یاساکان و ھەروەھا رۆڵی یەکلاکەرەوەی دەسەڵاتی رێبەر و ناوەندە سەروو یاساییەکان، ئەوە خەڵک نین کە قسەی کۆتایی دەکەن، بەڵکوو ئەوە رێبەری باڵای شۆڕش و دامەزراوە ھەواڵگری و سەربازییەکان وەکوو سوپای پاسداران بەپێی ئەم چەمکەی کە بە مەسلەحەتی نیزام (بەرژەوەندیی سیستەم) دەناسرێت، لە پرۆسەیەکی نادیموکراتیکدا سەرۆککۆمار ھەڵدەبژێرن. ئەمە قسەی (پەروێز ڕەحیم) مامۆستای زانکۆیە کە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردی و ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ بە باشترین نموونە دێنێتە بەر باسەوە، ئەو گوتی "سەرەرای نارەزایەتیی بەرفراوانی خەڵک، بەڵام کاندیدی ویستراو و خوازراوی رێبەر واتە (ئەحمەدینەژاد) بوو بە سەرۆککۆمار. بەڵام کێبرکێ لە کۆماری ئیسلامی لەناو خودی کەسە متمانەپێکراوەکانە، بۆیە لە راستیدا ئامانجی سەرەکی لە ھەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی، ھێنانی خەڵکە بۆ سەر سندووقی دەنگدان، بۆ نیشاندانی رەوایەتیی ئەم سیستەمە سیاسییە. بەمپێیە بۆ رەوایەتی وەرگرتن و چارەسەری بارگرژییەکان لە ئاست ناوخۆیی و دەرەکی و ھەروەھا رێگەگرتن لە نارەزایەتیی خەڵک، ئەگەری زۆرە (رۆحانی) بکەنەوە سەرۆککۆمار."
(پەروێز ڕەحیم) دەڵێ "بەپێی چەمکی مەسلەحەتی نیزام، بۆ ھەر گۆڕانکارییەک لە ھەڵبژاردنەکاندا، لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری لە ئێران ھیچ گۆڕانکارییەی ئەرێنی و نەرێنی بوونی نییە. بەم مانایە کە سیستەمی سیاسی لە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکە کە دەسەڵاتە سەرەکییەکان و داڕشتنی سیاسەتە ستراتیژییەکان لەژێر دەسەڵاتی سەرۆککۆماردا نییە. بۆیە ناوەندەکانی وەکوو سوپا و دەسەڵاتی دادوەری و رێبەری باڵا دەستنیشانی پرس و بابەتەکان دەکەن، بەپێی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەم سیستەمە سیاسییە."
ئاماژە بەوەی کە سەرۆککۆمار ھیچ رۆڵێکی ئەوتۆی لە چارەسەرکردنی پرسە بنچینەییەکان و بوارەکانی ئازادی و مافی مرۆڤ و ھەروەھا پرسەکانی تایبەت بە کرانەوەی سیستەم و چارەسەرکردنی پرس نەتەوەکان بە تایبەت کورد لە ئێراندا نییە و ئەمە لە دەسەڵاتەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامییە، دەربارەی کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی هەڵبژاردنەکان بەسەر دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (پەروێز ڕەحیم) دەڵێ "ئەم ھەڵبژاردنانە ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ و بنەڕەتیی لەسەر کورد نابێت. بۆیە دەتوانین بەدڵنیاییەوە بڵیین کە بنەما و ناسنامەی ئەم سیستەمە سیاسییە رێگە بە کراونەوە بەسەر کورد و بەشداریی کورد لە دەسەڵات و دەستەبەرکردنی ئازادی و مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان نادات."
kdp-
