عەبدوڵڵا ئاکرەیی: چوار بنکەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئیران لە ھەرێم دەکرێنەوە

 	 عەبدوڵڵا ئاکرەیی: چوار بنکەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئیران لە ھەرێم دەکرێنەوە
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی نیشان دا ڕۆژی ھەینیی داھاتوو چەند بنکەیەکی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئێران لە ھەرێمی کوردستان بکرێنەوە و بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و ئێرانیش دەڵێت، ھەزاران ھاووڵاتیی ئێرانی لەوانەی لە ھەرێمی کوردستانن، مافی دەنگدانیان ھەیە.

(عەبدوڵڵا ئاکرەیی)، بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم ڕەزامەندی نیشان داوە، ھاووڵاتیانی ئێرانیی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیاندا بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا، سێ بنکەی دەنگدان بکرێنەوە، ئەوانیش لە قەزای سۆران و بنەسڵاوە و نێو بارەگای کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ھەروەھا سندووقێکی گەڕۆکیش بۆ ناوچەکانی پارێزگای دھۆک تەرخان دەکرێت و لە کاتژمێر ٧ی بەیانیی ڕۆژی ھەینییەوە تا ٧ی ئێوارە ھاووڵاتیانی ئێرانی، ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە، دەتوانن سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن.''

گوتیشی: ''بە پێی ئامارەکانی بەردەست ھەزاران ھاووڵاتیی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەوانە دوو ھەزار ئافرەتی ئێرانی، کە پێشتر ھاوسەرگیرییان لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستان کردووە و ژمارەیەکی زۆریش کارمەند و کرێکار و ھاووڵاتیی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، کە لە شوێنە جیاوازەکان و کۆمپانیاکان کار دەکەن و بە فەرمی لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتیان پێ دراوە، مافی بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنەکانی ڕۆژی ھەینیدا ھەیە.''

(عەبدوڵڵا ئاکرەیی) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''دەزگە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھەموو ڕێوشوێنێک دەگرنە بەر تا ھاووڵاتیانی ئێرانی بتوانن لە ھەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیاندا بەشداری بکەن و ئێمە ھاوکاریی تەواویان دەکەین، کە پڕۆسەکە بەبێ کێشە و سەرکەوتوانە کۆتایی بێت
kdp-
Top