پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان؛ جگە لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بە هیچی دیکە ڕازی نابین
(زكری حەمید)، پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا خەباتمان كردووە و قوربانیمان داوە، بەس بۆ ئەوەی بە ئازادی بژیین، هیچ چیایەكی كوردستان نەماوە، خوێنمان لێ نەڕشتبێت، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەین، یەكڕیز و یەكگرتوو بن و پشتگیری لە بڕیار و هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) بكەن، بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم بکەین و سەربەخۆ بین.''
(حاجی قادر)، پێشمەرگەیەكی دیكەیە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: لە چەندین شەڕ و داستاندا بەشدار بوومە و دژی دوژمن وەستاوینەتەوە، بەس بۆ ئەوەی وەك گەلی كورد بە ئازادی بژیین، ئێستا هەندێك لایەن دەیانەوێت كێشە دروست بكەن، بۆ ئەوەی بەو ئاواتە نەگەین، كە قوربانیمان بۆ داوە، بەڵام ئێمە وەك پێشمەرگەكانی ئەیلوول و گوڵان، جگە لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بە هیچی دیكە ڕازی نابین، بۆیە داوا دەكەین هەرچی زووە ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكرێت، بۆ ئەوەی بە ''بەڵێ'' دەنگی بۆ بدەین و سەربەخۆ بین.''
(شەریف محیەدین)، پێشمەرگەیەكی دیكەیە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوون كردەوە: ''من تەمەنم 10 ساڵ بوو كە بوومە پێشمەرگە، ئەوە تەمەنم بووەتە 60 ساڵ و هەر پێشمەرگەم، ئامادەشم تا گەلەكەم پێویستی بە من بێت، هەر پێشمەرگە بم، ئەو هەموو پێشمەرگایەتی و شەڕەمان لەگەڵ دوژمن بۆ ئەوە بووە، كە بە هیوا و ئاواتەكانی خۆمان بگەین و سەربەخۆ بین، بۆیە داوا دەكەین، بۆ ئەوە خەباتی ئێمە بەفیڕۆ نەچێت، ڕیفراندۆم بکەین و سەربەخۆ بین، بۆ ئەوەی بە چاوی خۆمان بەرهەمی خەبات و تێكۆشانمان ببینین.''
kdp-
