حزبی شیوعی: پێویستە سۆسیالیست کورسییەکەمان ڕادەست بکاتەوە
عوسمان زیندانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی و بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند: "حزبی سۆسیالیست، لەگەڵ حزبی شیوعی و حزبی زەحمەت کێشان، نووسراوی فەرمیان بۆ لیستی ھاوپەیمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ناردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا گرفتی دروست کردووە، ھەڵوێستی مامۆستا فەرھاد تۆفیقە، بەپێی قسەی خۆی بەبێ ئاگاداری ئەو نامە نێردراوە، ئەمەش لای ئێمە پاساوێکی لاوازە و ئەو ئێستا پابەندبوونەکەی خۆی جێبەجێ نەکردووە، ئەگەر نا حزبی سۆسیالیست پابەندە بەڕێککەوتنەکە، چونکە بە مۆر و واژۆی ئەو حیزبە نووسراوی فەرمی نێردراوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی".
بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "داواکارین مامۆستا فەرھاد تۆفیق، پابەندی رێککەوتنی حزبەکەی بێت، کە حزبەکەی لە لیستێکدا رێککەوتنی لەگەڵ دوو حزبی دیکەی ھاوپەیماندا کردووە، پێویستە وافادار بێت، بۆ دەنگدەرانی، چونکە ڕێککەوتنەکە بەوشێوە بووە کە دوو ساڵ بۆ کاندیدی یەکەمی براوە بێت، ھەروەھا دوو ساڵی دیکە بۆ کاندنی براوەی دووەم بێت، بۆیە ئێمە چاوەڕێی کۆبوونەوەی ھەفتەی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگا و ھەڵوێستی حزبی سۆسیالیست دەکەین".
عوسمان زیندانی، ئەوەشی روون کردەوە: "ئەگەر حزبی سۆسیالیست و کاندیدەکەی ئامادە نەبێ کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگامان ڕادەست بکاتەوە، ئەوکاتە ئبمە ھەموو ڕێگەیەکی یاسایی، سیاسی و دیبلۆماسی دەگرینەبەر بۆوەرگرتنی ئەومافەی کە ھەمانە".
بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی حیزبی شیوعی، گوتیشی: "ئەگەر سۆسیالیست ھەڵوێستی نەبێت، ئێمە لەڕووی سیاسییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسە دەکەین، دواتر ئێمە چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکەین، دواجار ئەگەر لە ھەر حاڵەتێکدا زانیمان ھەوڵەکانمان بێ سوودە ئەوکاتە ڕێگەی یاسایی دەگرینەبەر".
باسنيوز
