ئیبراھیم برۆ: پەکەکە ڕۆژئاوای کوردستانی تووشی قەیرانێکی سیاسیی گەورە کردووە
ئیبراھیم برۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)،رایگەیاند:"پەکەکە ئەو چەکانەی لە ھاوپەیمانان وەری دەگرێت، لەدژی ئەندامانی ئەنەکەسە بەکاریان دەھێنێت، رۆژ نییە خەڵکمان سەرکردایەتیمان لەلایەن ھێزی چەکداری نەنراسراوەوە قۆڵبەست نەکرێت و نەڕفێنرێت، سەرجەم ئەم سیاسەتەنانە ڕژێمی سوریامان بیر دەھێنێتەوە، بەڵام ئەم جارە دەستی کورد خۆی، لە کاتێکدا ھەموو جیھان داوای یەکگرتنی گەلی کورد دەکەن، بڕیارە لەسەر یەکگرتووی کورد ئایندەمان ڕوون بێت، بەڵام تازە بە تازە پەکەکە دێت ناوماڵی کورد شەق دەکات".
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا پەکەکە دەیەوێت ئاگری فیتنە لە نێوان کوردان دروست بکات، پەکەکە لە ئیدارەدانی ڕۆژئاوای کوردستان شکستی ھێناوە، ئیستاش دەیەوێت دەست وەرداتە خاکی باشووری کوردستان، پەکەکە باکووری کوردستانی وێرانکرد ئیستاش دەیەوێت ڕۆژئاوای کوردستان لە رێگای پەیەدەوە وێران بکات، ئەوان وا دەزانن خەڵک ئاگادار نییە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بێلایەن سەر بە پەکەکە نین، نازانن فەرمانیان لە قەندیلەوە بۆ دێت".
ئاشکراشی کرد: "سەرجەم گیراوەکانی ئەنەسەکە ھەڕەشەیان لێکراوە و ئەشکەنجە دراون، گلەیی لە ھاوپەیمانان و ئەمریکا دەکەین کە ناکرێت بە بیانووی شەڕ دیکتاتۆریەتی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان، بەردەوامی پێبدرێت".
باسنیوز
