سەرکردەکانی گۆڕان ھەڕەشەی کشانەوە لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی دەکەن

 سەرکردەکانی گۆڕان ھەڕەشەی کشانەوە لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی دەکەن
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر ڕێککەووتنی سیاسیی یەکێتی و گۆڕان تێدەپەڕێت، تائێستاش ھیچ بەندێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە. سەرکردە باڵاکانی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ یەکێتی لەگیانەڵا دایە و یەکێتیش بە ھۆکاری پەکخستنی ڕێککەووتنەکە دەزانن.

رۆژی ١٧/٥/٢٠١٦ لەھاوینەھەواری دەباشان، ڕێککەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و گۆڕان واژۆ کرا، ڕێککەوتنەکە بەئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، لەلایەن کۆسرەت ڕەسول جێگری سکرتێری یەکێتی و نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان واژۆی لەسەر کرا.

ئێوارەی ھەمان رۆژ لە ھۆتێلی شاری جوان لە سلێمانی، مەراسیمێک بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخراو تیایدا گوتاری ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ و نەوشیروان مستەفا، لەسەر ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە خوێندرایەوە.

لەو کاتەوەی ڕێککەوتنی سیاسی گۆڕان و یەکێتی واژۆی لەسەر کراوە، تائێستا ھیچ بەندێکی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە، ئەمەش سەرکردەکانی گۆڕانی نیگەران کردووە، بە جۆرێک چەندینجار سەکردەکانی گۆڕان داوایان لەیەکێتی کردووە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە کارا نەکەنەوە، ئەوا ناچار دەبن ڕێککەوتنەکەیان ھەڵبوەشێننەوە، یەکێتی تائێستا بەشێوەیەکی باش ھەنگاوی بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنەکە نەناوە.

مەحموود بیکەیسی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: "ماوەی ساڵێکە گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێککەوتنێکی سیاسییان ئەنجامداوە، بەڵام لەماوەی ئەم ساڵەدا ھیچ بەندێکی ناو رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە، کە خۆی لە ٢٥ بەند دەبینێتەوە".

ئەو ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەرەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەش کرد: "رێککەوتنەکە خاو و خلیچکی تێدا دەکرێت، ئێمەش وەکو گۆڕان، یەکێتی بە برپرسیاری سستی و لاوازی رێککەوتنەکەمان دەزانین، چونکە ئێمە بە راستگۆیانە ڕێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی کردووە و پێویستە یەکێتیش ڕێز لە واژۆی خۆی بگرێت".

ئاشکراشی کرد: "تا ساڵیادی رێککەوتنەکە ئاراممان ھەیە، ئەگەر ئەو حزبە بەندەکانی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێی نەکات، ئەوا گۆڕان ناچارە ڕێککەوتنەکە ھەڵبووەشێنێتەوە".

لەتیف شیخ عومەر، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانی، لە لێدوانێکدا ڕەتی کردەوە ڕێککەوتنی سیاسیی گۆڕان و یەکێتی ساردی تێکەوت بێت و رای گەیاند: "لە نەخشەڕێگاکەماندا و تەنانەت لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی جەختمان کردوەتەوە کە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەمان، ھەروەھا داواشمان لە برادەرانی گۆڕان کردووە لە جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنەکە ھاوکاریمان بکەن".

بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتی، ئەوەشی روون کردەوە: "بۆ ئەوەی بزانین رێککەوتنەکە بۆچی جێبەجێ نەبووە، پێویستی بە توێژینەوە و دیراسە ھەیە، چونکە رێککەوتنێکی وا گەورە لە نێوان دوو ھێزی سیاسی خاوەن جەماوەردا پێویستی بە کات و ھەلومەرجی گونجاو ھەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە ئەوەیە تاوەکو ئێستا پابەندین بە رێککەوتنەکە و ھەوڵی جێبەجێکردنیشی دەدەین".

لەتیف شێخ عومەر، ئەوەشی خستەڕوو: "داوا لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین لەگەڵماندا پشوو درێژ بن، بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین ئەو رێککەوتنە کارا بکەینەوە و جێبەجێی بکەین، بێگومان ئەو رێککەوتنە کارا دەکرێتەوە و بەندەکانیشی جێبەجێ دەکرێت".

پێشتر گوڵستان سەعید، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاندبوو: "رێککەوتنەکەمان لەگەڵ یەکێتی لە گیانەڵادایە و ئەگەر بمانزانیبوایە رێککەوتنەکە بەم شێوەی لێ دێت، ھەرگیز رێککەوتنی سیاسییمان لەگەڵ یەکێتی واژۆ نەدەکرد".














باسنیوز
Top