پەرلەمانتارێكی پارتی: حەشدی شەعبی نیازی پاك نییە
نازم هەركی، ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "هەماهەنگیی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و حەشدی شەعبی لە ناوچەی شنگال و ئەو سنوورە، كارێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوی درێژخایەنە و دەستێكی دەركی لە پشتەوەیە".
ئەندامەكەی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "هاوكارییەكانی عێراق بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و چەكدارانی حەشدی شەعبی لە شنگال و ئەو سنوورە كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغداش دەبێت، هێمای بۆ ئەوەش كرد "حەشدی شەعبی ئەگەر نیازی پاك بێت، ئیشی لە ناوچە كوردستانییەكان و ئەو ناوچانەی كوردانی ئێزیدی لێییە، چییە؟".
نازم هەركی ئەوەشی خستەڕوو، "نیازێك هەیە بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و كێشە و گرفت، بۆ ئەوەی پێش ڕزگاركردنی مووسڵ، حەویجە و بیابانەكانی ئەنبار بە هەماهەنگی لەگەڵ پەكەكە و بەدری شیعی لە ڕێگای خانەقین، شەرگات، مووسڵ تا شەنگال و سووریا دروست بكرێت".
باسنیوز
