ئوسترالیا: ڕێز لە ویست و ئیرادەی گەلی کورد دەگرین
هەڤال دەسکۆ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئوسترالیا لەم بارەوە گوتی: "لە رێگای فەرمی بالیۆزی ئوسترالیا لە بەغدا کە پێش ماوەیەک سەردانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردبوو، لێمان پرسی هەڵوێستی ئوسترالیا لەسەر ریفراندۆم چییە، ئەوان مافی چارەی خۆنووسین و پرسی ریفراندۆم بە مافێکی رەوای گەلی کورد دەزانن، و رێز لە ئیرادە و بڕیاری گەلی کورد دەگرن".
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئوستارالیا گوتیشی " هیوادارین ئەم ڕیفراندۆمە بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا یەکلا بکرێتەوە و ئێمەش پێمان راگەیاندن ئەم پرسە بەهەمان شێوە دەستمان پێکردووە و کەناڵی پەیوەندیمان لەگەل بەغدا کردووەتەوە و پێمان باشە عێراق رێز لە ئیرادەی گەلی کورد بگرێت و هیوادارین هەر بڕیارێک گەلی کوردستان دەیدات بەغدا پێوەی پابەند بێت، پێمان خۆشە ئەگەر گەلی کوردستان بڕیاری سەربەخۆی دا ئێمە دوو دراوسێی باش بین بۆ یەکتر بۆ ئەوەی بتوانین ناوچەکە بە ئارامی بپارێزین".
گوتیشی: "هەڵوێستی فەرمیی ئوسترالیا ئەوەیە کە رێز لە بڕیاری گەلی کورد دەگرن و هەس بە دەردو ئێش و ئازاری گەلی کورد دەکەن و ئەوان گوتیان گەلی کورد چ بڕیاری دا ئەوان رێزی لێ دەگرن"
ئەوەشی خستەڕوو، "بۆچوونی هاووڵاتیانی کوردی دەرەوەی کوردستان لەگەڵ ریفراندۆمە و زۆر پەرۆشن لە دەنگداندا بەشدار بن".
باسنیوز
