عەرەفات کەرەم: بەغدا بە فەرمی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە ئاگادار دەکرێتەوە
عەرەفات کەرەم ڕوونی کردەوە: ”دەبێت سەرجەم حزبەکانی کوردستان بۆچوونیان لەسەر ریفراندۆم بکەنەوە بەیەک و بەیەک ھەڵوێست بچنە بەغدا بۆ ئەوەی لەوێ بەفەرمی پرسی ڕیفراندۆم باس بکرێت، ھەر لایەنێکیش بەشداری دەکات، نوێنەری خۆی بۆ بەغدا دیاری دەکات، ئەوەی بەشداری نەکات، بەفەرمی دەبێت پێمان بڵێت ئێمە بەشداری ناکەین بۆ ئەوەی بە خەڵکی کورستان بڵێین فڵان لایەن لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان نییە، بەڵکو لەگەڵ عێراقی یەکگرتووە، بۆیە دەبێت لە ناو کوردستان سەرجەم حزبەکان وەڵامی فەرمییان بە نووسراو لەسەر پرسی ریفراندۆم لێ وەربگیرێت، لەگەڵی دان یان نا ".
ئەوەشی ڕوون کردەوە، هەرچەندە گفتوگۆکانی ڕیفراندۆم دوابکەوێت، ئەوا لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە، چونکە ”ھەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، ئەو کاتەش ھیچ لایەنێکی دەرەکی ئامادە نابێت شەقامی عەرەبی لەخۆی توڕە بکات لەبەر خاتری کورد، بۆیە چەندە زوو ئاگاداری بەغدا بکەنەوە درەنگە، چونک شیعە و سوننە لەبەر پرسی هەڵبژاردن، ناوێرن دان بە ڕیفراندۆمدا بنێن، بە تایبەت شیعەکان دەڵێن 14 ساڵە حوکممان کردووە، چۆن لەسەر حکومی ئێمە عێراق پارچە پارچە ببێت؟".
پێشتر هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
لە وتارەکەی دوێنێشیدا کە لە میانی پانێڵێک لە ئەمریکا پێشکەشی کرد، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، دوای ڕیفراندۆم، لەبارەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکەن.
باسنیوز
