نێچیرڤان بارزانی: با بەغدا متمانەمان بۆ دروست بکات کە مانەوە لەگەڵیان لە بەرژوەندیی ئێمەدایە

نێچیرڤان بارزانی: با بەغدا متمانەمان بۆ دروست بکات کە مانەوە لەگەڵیان لە بەرژوەندیی ئێمەدایە


دەقی دیمانەی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرنامەی (مقابلە خاصە)ی کەناڵی العربیە ـ حدث.



العربیە: دووساڵ و نیو پێش ئێستا دیمانەیەکم لەگەڵ جەنابتان ئەنجام دا، لەو کاتەدا داعش کۆنترۆڵی مووسڵی کردبوو و ئاڵاکانیان لە نزیک ھێزەکانی پێشمەرگە دەشەکایەوە، ئایا پەشیمانن لەوەی کە لەو کاتەدا ئێوە ڕووبەڕووی داعش نەبوونەوە؟



نێچیرڤان بارزانی: ڕاستییەک ھەیە، پێش ئەوەی داعش بێتە مووسڵ زانیاریی تەواومان ھەبوو کە ئەوە ڕوو دەدات. زۆر ھەوڵمان دا لەگەڵ بەغدا، بەڵام بەداخەوە لەلایەن بەغداوە ئەوە زۆر بە ھەند وەرنەگیرا. کاتێکیش داعش ھاتە مووسڵ، ئێمە دیسان زۆر ھەوڵمان دا لەگەڵ بەغدا ڕێگە بدەن ھێزی پێشمەرگە بنێرین، بەداخەوە ڕێگەیان نەدا. ئەگەر ئەوان ڕێگەیان بدابا ھێزی پێشمەرگە بنێرین یان شەش مانگ پێش ئەوە کە ئێمە زانیاریمان ھەبوو، ھەماھەنگی و ھاوکارییەکمان ھەبوایە،‌ باوەڕم وایە بارودۆخی مووسڵ بە شێوەیەکی دیکە دەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەوکاتە ئەو بەدەنگەوەھاتنە لە بەغداوە نەبوو.



العربیە: ئێستا لە بەغدا و تەنانەت لەنێو ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتیشدا باسی ترسی دوای داعش دەکرێت. ئایا ئەو ناوچانەی لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە ڕزگار کراون ڕادەستی دەسەڵاتی بەغدای دەکەنەوە،‌ یاخود مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق جێبەجێ کرا و تەواو؟



نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئەو ناوچانەمان بەزۆر داگیر نەکردووە، داعش ئەو دەڤەرانەی داگیر کردبوو و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دوای ئەو ڕەزامەندییەی دواتر لە بەغدا وەریگرت، ئەو دەڤەرانەی لە دەستی داعش ڕزگار کردەوە. ئەمڕۆ ھەر گفتوگۆیەک لەگەڵ بەغدا، دەبێت لەسەر بنەمایەکی نوێ بێت و شێوەی گفتوگۆی ئێمە بێگومان گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئێمە ئامادە نەبین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەغدا، ئامادەی گفتوگۆین، بەڵام گفتوگۆکە بە شێوەیەکی دیکە دەبێت، بەتایبەتی پاش ئەو ڕووداوانەی کە دوای ساڵی ٢٠١٤ لە عێرق ڕوویان دا.



العربیە: سەبارەت بە دەڤەری شەنگال و گوندە عەرەبی و کوردی و ئێزدییەکانی ئەو دەڤەرە، ئایا باوەڕتان وایە کە دوای ھێرشەکانی داعش و ئەوانەی لەو ناوچانە ھاوکاریی داعشیان کرد، ژیان لەو ناوچانەدا ئەستەم بووە و پێکەوەژیان لەو ناوچانە وەکو خۆی نەماوە؟.





نێچیرڤان بارزانی: دوای ھاتنی داعش بۆ ناوچەکە شتی زۆر خراب و کێشەی زۆر ڕووی دا، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئێمە ناتوانین پێکەوە بژین، لەو دەڤەرانە پێکھاتەی جیاواز ھەن وەک کورد، عەرەب، تورکمان، ئێزدی و مەسیحییەکان. پێویستە ھەوڵی جددی بدەین بۆ گەڕانەوەی متمانە لە نێوان ئەو پێکھاتانە، تابلۆی جوانی ئەو سنوورە ئەوەیە کە ئەو پێکھاتانە پێکەوە بژین. لە قۆناغی یەکەمدا ئێمە پێویستیمان بەوەیە ئەو متمانەیەی لەنێوان پێکھاتەکاندا ھەبوو، بگەڕێتەوە، باوەڕ دەکەم شتێکی ئاسان نەبێت، بەڵام کارێکی مەحاڵیش نییە و دەکرێت کاری لەسەر بکرێت.



العربیە: ئێوە بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە مووسڵ چۆن دەبینن، بەتایبەتی ھەندێک بۆچوون ھەیە باس لەوە دەکەن پێش ھاتنی مانگی ڕەمەزان شەڕی مووسڵ کۆتایی دێت، جەنابتان مووسڵی دوای داعش چۆن دەبینن؟



نێچیرڤان بارزانی: پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئەو ھۆکارانە چین کە داعش ھاتە عیراق، یان ھۆکاری دروستبوونی داعش لە عیراق چین؟ ئایا چارەسەری ئەو ھۆکارانە کراوە یان نا؟ بە بڕوای من تا ئێستا تەنانەت باسیش لەو ھۆکارانە ناکرێت، پێداگیرییەکی زۆر لەسەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی ھەیە بێ ئەوەی ھیچ دیدگایەکی ڕوون بۆ چارەسەرێکی سیاسی لەو ناوچەیە ھەبێت. داعش لە ئەنجامی سیاسەتێکی ھەڵەی بەغدا دروست بووە و ڕێکخراوێکی عیراقییە و لە دەرەوە نەھاتووە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێستاش بەغدا ھەر ئەو سیاسەتە ھەڵەیە پەیڕەو دەکات؟ بە بڕوای من ھیچ نیشانەیەکی گۆڕانکاری لە عیراق نییە و ئەو عەقلیەتە ھەر ھەیە کە بوو بە ھۆی ئەوەی داعش دروست ببێت، تا ئەو ھۆکارە سیاسییانەش چارەسەر نەکرێن، بە بڕوای من کێشەی داعش لە عیراق کۆتایی نایەت. لەوانەیە داعش وەک ڕێکخراوێک کە شارەکانی وەکو مووسڵ و چەند دەڤەرێکی دیکەی عیراقی بەدەستەوە بوو، تەواو دەبێت، بەڵام وەک ڕێکخراو، یان عەقلیەت و بیرێک دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە ھۆکارەکانی دروستبوونی داعش چارەسەر بکرێن، ئەگینا دوای شەڕی مووسڵیش ھەر ھەمان شت دەبێت. ئۆپەراسیۆنی ئازادکرنەوەی مووسڵ ئاسان نییە، بەتایبەتی لە بەری ڕاستی شارەکە، دانانی کاتێکی دیاریکراویش بۆ ئازادکردنی شارەکە بە بڕوای من شتێکی واقعی نییە.



العربیە: ئەم وەڵامەی جەنابت من بۆ پرسیارێکی قووڵتر دێنێتە ئاراوە بەوەی کە ئایندەی عیراق دیار نییە. ھەندێک وا باس دەکەن کە ھەڵبژاردنی داھاتوو، نەخشەیەکی نوێی سیاسی و عیراقێکی نوێ دروست دەکات، ئێوەش ھەمان بیروبۆچوونتان ھەیە؟



نێچیرڤان بارزانی: دەستووری عیراق دەڵێت،‌ جێبەجێکردنی ئەم دەستوورە زامنی یەکپارچەییی عیراقە، چواردە ساڵ بەغدا دەرفەتی ھەبووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم دەستوورە، لەم چواردە ساڵەدا بەغدا لە جێبەجێکردنی دەستووردا چی کردووە؟ ئەو ماددانەی لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بووە، ویستوویانە جێبەجێیان بکەن و ھەر ماددەیەکیش کە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نەبووە بە ھەر بیانوویەک بێت دوایان خستووە و جێبەجێیان نەکردووە. گەر واقعیتر سەیری عیراق بکەین، دەبێت نەخشەی سیاسیی عیراق لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بگۆڕدرێت و ناکرێت عیراق تاھەتایە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، خەڵکی عیراق شایستەی ژیان و بارودۆخێکی باشترن لەوەی کە ھەیە، بەم عەقلیەتە سیاسییەی کە ئەمڕۆ عیراق بەڕێوە دەبات، بە ئەستەمی دەبینم ئەوە جێبەجێ بکرێت.



العربیە: بەغدا و ژمارەیەکی زۆری سیاسییەکان لە عیراق وای دەبینن کە کارتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان، کارتێکی گوشارە لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە بەرامبەر بەغدا بەکار دەھێنرێت بەمەبەستی بەدەستھێنانی دەستکەوت و شایستەی زیاتر، چاودێرانیش پێیان وایە کە سەربەخۆییی کوردستان کارێکی ئەستەمە چونکە وڵاتانی دراوسێ ئەمەیان ناوێت؟.



نێچیرڤان بارزانی: ئەمە بۆچوونێکی ھەڵەیە، ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک گەڕاینەوە بەغدا، ‌بە کۆمەڵێک ھیوا و ئومێدەوە چووین و پێمان وابوو بەغدایەکی نوێیە و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی عیراقە لەسەر بنەمایەکی نوێ، ھەر ئەمەش ھۆکار بوو کە ئێمە بە ئارەزووی خۆمان گەڕاینەوە بەغدا و ھەموو شتێکیشمان کرد بۆ ئەوەی عیراق بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە. ئێمە وەک کورد دوای ١٤ سال پرسیارێک لە خۆمان دەکەین، ئایا ئێمە لەو عیراقەدا لەکوێین؟ با برایانمان لە بەغدا متمانەمان پێ بدەن کە مانەوەمان لەگەڵیان زیاتر لە بەرژوەندیی ئێمەدایە نەک جیابوونەوە، بەڵام ئەوان ھیچ شتێک ناکەن. من با نموونەیەکی زۆر سادەت بۆ بھێنمەوە، لەگەڵ ڕێزم بۆ ھەموو ئەو شەھیدانەی کە حەشدی شەعبی داویانە، دەبینین حەشدی شەعبی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە یاسای بۆ دەردەکرێت و ھەر بەپێی یاسا دەبێت ھەموو پێویستییەکانی بۆ جێبەجێ و دابین بکرێت، کە دێینە سەر پرسی پێشمەرگە، کە وەک حەشدی شەعبی دژی ھەمان دوژمنە،‌ لەم وڵاتەدا شەھید و برینداری داوە و خەباتی کردووە، لە پەرلەمانی عیراق ئامادە نین تەنانەت بە یەک وشەش باسی ئەو ھێزە بکەن، ئێمە چۆن ھەست بکەین کە بەشێکی ئەم وڵاتەین؟ چۆن ھەست بەوە بکەین کە لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە لە چوارچێوەی عیراقدا بمێنینەوە؟ ئێمە کە باسی ڕیفراندۆم و گۆڕینی نەخشەی سیاسیی عیراق دەکەین، مەبەستمان ئەوە نییە کێشەکانی عیراق زیاتر بکەین، ئەم باسەی ئێمە لەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و دانوستانێکی جددی لەگەڵ بەغدا لەسەر داھاتوو، بۆ ئێمە بابەتێکی یەکجار گرنگە. لەوانەیە وڵاتانی دراوسێ ڕێگە نەدەن، لەگەڵ ڕێزم بۆیان، بەڵام ئەمە بابەتێکی ناوخۆی عیراقە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بگەینە لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەش. ئەولەویەتی یەکەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و گۆڕینی سیستەمی فیدرالییەوە ھەرچۆنێک بێت، بەغدایە و ھەر ئەولەویەتیش دەمێنێتەوە. بەغدا قووڵاییی ستراتیژیی ھەرێمی کوردستانە، ئەوەی ئێستا ھەرێمی کوردستان مەبەستیەتی، ئەوەیە بکەوێتە دانوستان و دیالۆگێکی جددی لەگەڵ بەغدا بۆ داھاتوو، ئەمەش لەبەر ھۆکارێکی زۆر سادە،‌ ئەویش ئەوەیە گەر بمانەوێت سەقامگیری لە عیراقدا ھەبێت، پێویستیمان بە گفتوگۆیەکی جددی ھەیە.



العربیە: لە تێگەیشتنی من بۆ وەڵامەکانتان دەربارەی پرسیاری تایبەت بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان، ئایا عیراق دوای داعش بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە؟



نێچیرڤان بارزانی: باشترە ئەم پرسیارە لە کاربەدەستانی بەغدا بکرێت، بەغدا چی کردووە بۆ ئەوەی عیراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە؟ بەرامبەر بە کورد چی کردووە؟ بەرامبەر بە سوننە چی کردووە؟ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ھەڵە گەورەترین ھەڕەشەیە لەسەر یەکپارچەییی عیراق. ئێمە ھەڕەشە ‌نین بۆ سەر یەکپارچەییی عیراق، بەڵکو ئەو سیاسەت و بیرکردنەوە ھەڵەیەی کە لە بەغدا پەیڕەو دەکرێت، ھەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەییی عیراق. گەر ئەم شتانە بە جددی وەرنەگیرێن و چارەسەریان بۆ نەدۆزرێتەوە، بە بڕوای من عیراق لە مەترسیدایە.



العربیە: ھەرچەندە بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق ڕەتی دەکاتەوە ھێزی شەڕکەری ئەمەریکی لەسەر ئەزری واقع لە عیراق ھەبێت، بەڵام ئێمە دەبینین ھێزی ئەمەریکی لە عیراق ھەیە. پێت وایە بوونی ھێزی ئەمەریکی لە عیراق بۆ قۆناغی داھاتوو گرنگیی خۆی ھەیە؟



نێچیرڤان بارزانی: با ئێمە بە ‌شێوەیەکی واقعی سەیری ئەم پرسە بکەین، ئەگەر ھێزەکانی ئەمەریکی و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەبوونایە، بێگومان بارودۆخی بەغدا و ھەولێریش بە شێوەیەکی دیکە دەبوو. ئێمە بە سوپاسەوە دەڕوانینە ھەموو ئەو ھاوکارییانەی کە وڵاتانی ھاوپەیمان، بەتایبەتی ئەمەریکا بۆ عیراق و ھەرێمی کوردستان کردوویانە و بێ ئەو ھاوکارییانە نەدەکرا داعش بەو شێوەیە ڕابگیرێت. لەگەڵ ڕێزم بۆ ھەموو ئەو خۆڕاگری و بەرگرییەی کە سوپای عیراق و پێشمەرگە و ھێزەکانی دیکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا ئەنجامیان دا، بەڵام قەبارەی ھێرش و ھەڕەشەکانی داعش زۆر گەورە بوو، بۆیە بە بڕوای من بوونی ئەمەریکا لە عیراقدا بۆ قۆناغێکی دیکە زەروور و پێویستە. بە ‌ڕای من ھەڵەیەکی گەورە بوو ئەمەریکا لە ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ ھێزەکانی خۆی لە عیراق کێشایەوە، پێویست بوو سەرەتا دڵنیا بێت لە سەقامگیریی سیاسیی عیراق، دواتر ھێزەکانی بکێشێتەوە. لە قۆناغی ئێستاشدا ئێمە پێویستیمان بە یارمەتیی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان و ئەمەریکا ھەیە تاکو ئەو سەقامگیرییە بەرقەرا ببێت کە بۆ عیراق پێویستە.



العربیە: وا لە جەنابتان تێگەیشتم کە پێویستە بەغدا مافی ھەموو پێکھاتەکان بە یەکسانی بدات. پێتوایە گەر بەغدا ئەمەی ئەنجام نەدا ڕێکخراوێکی دیکەی تیرۆرستی خراپتر لە داعش سەر ھەڵدەدات؟ ئایندەی بوونی چەک بەدەست میلیشیا چەکدارەکانەوە چۆن دەبینن؟



نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر بە جددی بیر لە چارەسەری کێشەکان نەکرێتەوە و مافی ئەو پێکھاتانە نەدرێت کە لە عیراق دەژین، بێگومان کێشە دروست دەبێت. پێویستە ئێمە لە عیراقدا واقعی بین، ھەموو کەس و لایەنەکان پێداگیری لەسەر یەکێتی و یەکپارچەییی عیراق دەکەنەوە، بەڵام کە دێیتە سەر واقع و ڕاستی، ئایا عیراق بەم شێوەیەیە؟ ئایا پێکھاتەکانی عیراق ھەست بەوە دەکەن کە ئەوان بەشێکن لە پرۆسەی سیاسی و بەرێوەبردنی ئەم وڵاتە؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانە بە دروستی بدرێتەوە، ڕوون دەبێتەوە کە لە داھاتوودا چی ڕوو دەدات، بەڵام ئەگەر پێداگری لەسەر ئەو سیاسەتە بکرێت کە بوو بە ھۆکاری دروستبوونی داعش، بە بڕوای من ئێمە لە عیراق پێشتر زەرقاوییمان ھەبوو و دوای ئەوە بەغدادیمان ھەبوو، لە داھاتوودا شتی ھاوشێوەمان دەبێت. مەبەستی من ئەوەیە کە شکاندنی داعش تەنیا پرسێکی سەربازی نییە، بەڵکو عیراق پێویستی بە بۆچوونێکی سیاسیی جددی ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە جددیەکانی. ئێمە پرسی بوونی چەک لەدەست میلیشیا چەکدارەکان بە ھەڕەشە دەبینین، گەر ئەو میلیشیایانە ڕێکنەخرێن. گلەیی زۆرمان لە پەرلەمان و حکوومەتی عیراق ھەیە کە بەو شێوەیە بۆ حەشدی شەعبی یاسایان دەرکرد و ئامادە نەبوون بۆ پێشمەرگە یەک وشەش بڵێن، ئەمە برینێکی زۆر قووڵە لە مێشک و دڵماندا ماوەتەوە و پەیام و مەسیجی زۆر مەترسیداریش بوون کە لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە کران. با سەیر بکەین، لەم شەڕەدا عیراق چی بۆ ھەرێمی کوردستان کردووە و ھەرێمی کوردستان چی بۆ عیراق کردووە؟ لە ھەرێمی کوردستان ھەموو شتێکمان بۆ یارمەتیدانی سوپای عیراق ئەنجام دا و دوای بیست و پێنج ساڵ ڕێگەمان دا سوپای عیراق بێتە کوردستان و باشترین ھەماھەنگی و ھاوکاریمان لەگەڵیان ھەبووە لە ھەموو ڕوویەکەوە، لە ڕووی پێدانی زانیاری و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە ھاوکاریی زۆرمان کردوون و خۆشیان ڕێزێکی زۆریان بۆ ئەم ڕۆڵەی پێشمەرگە و ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان سوپای عیراق و پێشمەرگە ھەیە، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بوو، بەڵام ئەی لەم ماوەیەدا عیراق چی کردووە؟ بەداخەوە بەغدا بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی و حکوومەتی ئێستاش ھەمان سیاسەتی پەیڕەو کرد. لە ڕووی چەک و تەقەمەنییەوە، ھیچ یارمەتییەکی ھەرێمی کوردستانیان نەداوە. لە کاتێکدا ئێمە سی و پێنج ھەزار بریندار و نەخۆشی مووسڵمان لە نەخۆشخانەکانی ھەولێر چارەسەر دەکرد، بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستانیان بڕی. کاتێک بانکی نێودەوڵەتی پارە وەک قەرز دەداتە عیراق، ئامادەن ئەو پارەیە بۆ ناوچەکانی باشووری عیراق دابین بکەن، بەڵام ڕازی نابن ھەرێمی کوردستان پشکی خۆی لەو پارەیە وەرگرێت. ئەم عەقلیەتە چۆن دەگۆڕدرێت؟ ئێمە چۆن ھەست بکەین کە بەشێکین لەم وڵاتە؟ با بێن باوەڕمان بۆ دروست بکەن کە مانەوەمان لە چوارچێوەی عیراقدا لە بەرژوەندیی ئێمەدایە.



العربیە: وا لە جەنابت دەخوێندرێتەوە کە تۆ کەسی دیالۆگ و گفتوگۆیت و توانیوتە لەگەڵ بەغدا بگەیتە زۆرێک لە خاڵەکان، بەڵام ئەو قسانەی ئێستا دەیبیستم ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە تۆ تاڵیەکی زۆرت لەو کێشانە چەشتووە کە لەنێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستاندا ھەیە. بیروبۆچوونی تۆ بەرامبەر بە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک چییە؟



نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی لە کەرکووک ڕووی دا، بە بڕوای من شتێکی ئاسایی بوو و لەبەر ھۆکارێکی زۆر سادە ئەم پرسە گەورە کرا، ئەویش ئەوە بوو لەو کاتەدا ڕیفراندۆم لە تورکیا لەسەر گۆڕینی دەستوور ھەبوو و وا مەزەندە دەکرا کە بەھۆیەوە نێوانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا ئاڵۆزی تێدەکەوێت. کەرکووک بەس ھی کورد نییە، ھی ھەموو عیراقییەکانە، دەبێت پێکھاتەکانی بڕیار لەسەر کەرکووک بدەن. لە کەرکووک کورد، تورکمان، مەسیحی و عەرەب ھەیە. دەبێت ئەو پێکھاتانە بەیەکەوە بژین و ھاوکاری یەکتر بن و بە ئارەزووی خۆیان بڕیار لەسەر ئایندەی شارەکەیان بدەن. گەر ھەرێمی کوردستان نەبوایا بارودۆخی کەرکووک زۆر لە ھی مووسڵ خراپتر دەبوو. جیاوازی نێوان کەرکووک و مووسڵ لە یەک شتدا بوو، ئەو ڕۆژەی کێشەکان دروست بوون، بەغدا ڕێگەی نەدا ھێز بۆ مووسڵ بنێرین، بەڵام کە کێشە لە کەرکووک سەری ھەڵدا، بە ڕەزامەندیی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عیراق ھێزی پێشمەرگەمان بۆ پاراستنی کەرکووک نارد. ئەگەر ئەو ھێزەی پێشمەرگە لەناو کەرکووکدا نەبوایە، بێگومان بارودۆخی کەرکووک دەگۆڕدرا.



العربیە: بەغدا دەڵێت ئێوە ھێزتان نارد تاکو کەرکووک کۆنترۆڵ بکەن و چەکی سوپای عیراقی ببەن؟



نێچیرڤان بارزانی: بە ھیچ شێوەیەک وا نییە، بەغدا داوای لە ئێمە کرد ھێز بۆ پاراستنی کەرکووک بنێرین، بە ڕەزامەندیی بەغدا ھێزمان نارد، گەر ئەوەمان نەکردبا و پێشمەرگەمان نەناردبا، بێگومان بارودۆخی کەرکووک لە ھی مووسڵ خراپتر دەبوو.



العربیە: بوونی پەکەکە لە چیای شەنگال کە بۆتە کێشەیەک لەگەڵ تورکیا، ئایا چۆن چارەسەری ئەم پرسە دەکرێت؟



نێچیرڤان بارزانی: بوونی پەکەکە لە شەنگال دروستکردنی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکە بەگشتی. بەداخەوە تا ئێستاش ھەندێک لایەن لە بەغدا یارمەتیی پەکەکە دەدەن و پارەیان پێدەدەن، من پێموایە ئەمە سیاسەتێکی زۆر ھەڵەیە، ئەمە نە دراوسێیەتیی باشە لەگەڵ تورکیا و نە لە بەرژەوەندیی عیراقیشدایە بم شێوەیە مامەڵە بکات. پێویستە لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوین کە بوونی پەکەکە لە ناوچەکە، واتە ناسەقامگیریی شەنگال. دەبێت بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بە جددی ھەوڵ بدەن ئەم پرسە چارەسەر بکەن و ڕێگە نەدەن بوونی پەکەکە لەو سنوورانە ببێتە فاکتەرێک بۆ ناسەقامگیریی زیاتر لەو ناوچەیەدا.



العربیە: دوا پرسیار، بەڕێز بارزانی، باوەڕت وایە بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عیراق دەکەن و ئێوە لەکام لایەنی عیراقی نزیکن؟



نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئێستا زۆر بە جددی بیر لەوە دەکەینە کە ئایا بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی عیراقدا بکەین یان نا؟.‌ ھەموو کورد لە پەرلەمانی عیراق خاوەن ٦٥ کورسییە، عیراق لەسەر ئەو بنەمایە دروست بوو کە پێکھاتەکان دەبێت بەیەکەوە بە ھەماھەنگی و لێکگەیشتن کار بکەن، بەداخەوە ئێستا ئەو بنەمایە نەماوە و بۆتە زۆرینە و کەمینە و بێگومان ئێمە لە پرسی زۆرینە و کەمینە زەرە دەکەین. بۆیە وەکو ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، بە جددی بیر لەوە دەکەینەوە کە ئایا ئێمە بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق بکەین یان نا؟ ئەگەر ئەو سیاسەتە تاکڕەو و تائیفی و بنەمای زۆرینە و کەمینە وەک ئەوەی بۆ حەشدی شەعبی کردیان، بەردەوام بێت، ئێمە نایبینین پێویست بەوە بکات بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەلەمانی عیراقدا بکەین و شەرعییەت بەو بڕیارانە بدەین کە ھیچیان لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا نین.



العربیە: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە.



نێچیرڤان بارزانی: سوپاس بۆ ئێوە.
payamner-
Top