کونسوڵی تورکیا داوای لیستی ناوی قوتابیانی کورد دەکات

کونسوڵی تورکیا داوای لیستی ناوی قوتابیانی کورد دەکات


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ کونسوڵی تورکیا کۆبویەوە و گفتوگۆ لەبارەی چۆنێتی بەھێزکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا کرا.



ئەمڕۆ سێشەممە، 16/5/2017 د.یوسف گۆران، وەزیر خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ محەمەد عاکیف، کونسوڵی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان کۆبویەوە و پێشنیاری ئەوەی کرد کە ھاوشێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆردێکی خوێندنی باڵای ھەمیشەی لەگەڵ تورکیا دروست بکرێ.



وەزیری خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستەڕوو: "بەشێک لەو قوتابیانەی کە بەھۆی داخستنی بەشێک لە زانکۆکانی تورکیا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە ئەو وڵاتە کێشەیان بۆ دروست بووە، ھەر جۆرە چارەسەرێک ئێمە ھاوکار و ھەماھەنگتان دەبین، چونکە ئەگەر ئەو جۆرە کێشانە چارەسەر نەکرێن، ڕەنگە تێڕوانینی قوتابیانمان بۆ خوێندن لەو وڵاتە بگۆڕێ".



لە بەرامبەردا، محەمەد عاکیف، کونسوڵی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، رای گەیاند: "وەک کونسوڵگەری، ئاسانکارییە بۆ ڕایکردنی کارەکان دەکەین، ھەوڵ دەدەین کێشەکان چارەسەر بکەین".



کونسوڵی تورکیا، گوتیشی: "لیستی ناوی ئەو قوتابیانە ئامادە بکەن کە زانکۆیان گۆراوە و داخراوە، ڕادەستمان بکەن".

bas news-
Top