یەكێتیی زانایان: لێدوانی وەقفی شیعیی عێراقی، هەڵقوڵاوی هەستێكی نابەرپرسیارانەیە
ئەمەیش دەقەكەیەتی:
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ماوەی چەند رۆژێكە وتارێكی سەرۆكی وەقفی شیعی بڵاو كراوەتەوە كە، تێیدا بە روونی شەڕكردن دژی مەسیحی و سابیئە و پێكهاتەكانی تری عێراق حەڵاڵ دەكات، لە رۆژگاری ئەمڕۆی پڕ لە نەهامەتی و شەڕی تیرۆریستان، بە ئەركێكی زیاتری ئایینی و مرۆڤانەی خۆمانی دەزانین روونكردنەوە لەسەر قسەكانی بدەین:
یەكەم: تا ئێستا هیچ حكوومەتێكی عێراقی بەم شێوەیە بیری نەكردووەتەوە، تا ئەوەی حكوومەتی دیكتاتۆر و خوێنڕێژی پێشووی بەعسی عێراق، وێڕای ئەوەی خوێنی كورد و زۆربەی هاووڵاتیانی عێراقی دەڕشت، بەڵام هێشتا هەڵوێستە دوژمنكارانەكەیان بەرانبەر پێكهاتە ئایینیەكانی تری وەك مەسیحی و سابیئەكان.... نەگەییشتبووە ئەو ئاستە، ئەمەیش حكوومەتی عێراق و مەرجەعەكانی شیعە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتییەكی گەورەوە.
دووەم: ئەم لێدوانە هەمان رێچكە و رێبازی تیرۆریستانی داعشە، كە ماوەی دوو ساڵە بووەتە مایەی رشتنی خوێنی گەلانی عێراق و خاك و ماڵیان خاپوور و وێران دەكرێت، بۆیە ئەگەر رێگە لە بەردەم ئەو هەڵمەتە توندڕۆییە نەگیرێت، ئەوا ئاییندەیەكی رەشتر چاوەڕوانی عێراق دەكات.
سێیەم: ئەو پەیامە تەواو پێچەوانەی پەیامی رەحمەتی پێغەمبەری ئیسلامە، كە دەیفەرموو ئەوەی ئازاریان بدات وەكو ئەوەیە ئازاری منی دابێت، من دەبمە پارێزەریان، كردبوویە ئەركی موسڵمانان دیفاع لە ئازادیی ئایین و گیان و ماڵیان بكەن، یەكەمین پەیماننامەی نووسراوی بۆ پێكەوەژیان مۆر كرد.
چوارەم: بوونی ئازادیی پێكەوەژیان لە جیهانی ئیسلامیدا شتێكی نوێ و تازە نییە، بەڵكوو هەر لەگەڵ هەڵاتنی یەكەمین تیشكی خۆری ئیسلام پێكەوەژیان لە وڵاتانی ئیسلامی هەیە و، كەم وڵاتی ئیسلامی هەیە ئایین و مەزەبە جیاوازەكانی تێدا نیشتەجێ نەبن، بۆیە ئەم كارە تەواو نامۆیە بە جیهانی ئیسلامی.
پێنجەم: لێرەوە تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزەبییەكان دڵنیا دەكەینەوە، ئەم لێدوانانە هەڵقوڵاوی هەستێكی نابەرپرسیارانە بەرانبەر دۆخی برایەتی و پێكەوەژیان و بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكەینەوە، داوایش لە هەموو لایەك دەكەین نەكەونە ژێر كاریگەریی ئەم جۆرە وتارانە كە ئەوە چەندین ساڵە لە ماڵوێرانی بەو لاوە هیچ خێروبێرێكیان بۆ عێراق نەبووە.
kdp-
