حەسەن جیهاد: ئەمەریكا و عێراق بە رەفتارەكانی حەشدی شەعبی دڵگرانن
ماوەی چەند رۆژێكە، لە سنووری شنگال حەشدی شەعبی دەستی بە ئۆپەراسیۆنێك كردووە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی هەندێ ناوچەی ژێر دەستی داعش، کە پێچەوانەی ئەو پلانەیە لە نێوان هەولێر و بەغدادا و بە چاودێریی هاوپیمانانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەر لە پڕۆسەی ئازادکردنی مووسڵ لەبارەیەوە ڕێککەوتن کراوە.
(حەسەن جیهاد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "هێرشەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان جێگەی پرسیارە و پێویستە لە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەرنەچن و وەزارەتی پێشمەرگەیش لێكۆڵینەوە بكات لەو بارەیەوە، چونكە پێشتر رێككەوتن هەبووە لە دەستپێكردنی هێرشی سەر مووسڵ و ئەو ناوچانەی بۆ هێزە عێراقییەكان دیاری كراون و ئاشكران، لە ئێستادا حەشدی شەعبی پێشڕەوی بۆ ناوچە كوردستانییەكان كردووە و ئەمەریكایش ئاگادار كراوەتەوە و گوتوویانە لەگەڵ عێراق قسە دەكەین".
ئەو چاودێرە ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "ئەو نیگەرانی و مەترسیانەی لەسەر حەشدی شەعبی هەبوون دوای شەڕی داعش، دەركەوتن و من ئەو هێرشانەی ئەمڕۆیش بە یەكێك لەو مەترسیانەی دوای شەڕی داعش دەبینم و هەروەها نانەوەی كێشەیە كە حەشدی شەعبی بە ئارەزووی خۆیان هێرش دەكەن و حیساب بۆ كەس ناكەن".
(جیهاد) گوتیشی، "حەشدی شەعبی ئەجێندای خۆی هەیە و چەند رۆژی رابردوو (خەز عەلی) بە ئاشكرا گوتی ئێمە هیلالی شیعی دەكێشین و تا سووریا پێشڕەوی دەكەین بە فەرمانی ئێران، ئەوەیش وای كردووە سەركردەكانی خۆیان نیگەرانن لە رەفتارەكانی حەشدی شەعبی و (سەدر) و (عەبادی) ئەو نیگەرانییەی خۆیان بەرانبەر بە رەفتارەكانی حەشدی شەعبی نەشاردووەتەوە، بە بڕوای من حەشدی شەعبی چەند گرووپێكی زۆر سەرەڕۆن و هەڵوێستیان بەرانبەر بە كوردیش باش نییە".
kdp-
