بوخاری عەبدوڵڵا: بەغدا ڕازی بێت و ڕازی نەبێ ڕیفڕاندۆم بەڕێوەدەچێ

 	 بوخاری عەبدوڵڵا: بەغدا ڕازی بێت و ڕازی نەبێ ڕیفڕاندۆم بەڕێوەدەچێ
چاودێری سیاسی (د.بوخاری عەبدوڵڵا) ، کە پێشتر لە ڕیفڕاندۆمدا ئەزموونی ھەبووە دەڵێت، ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان گرینگترین ڕیفراندۆمە بۆ جیابوونەوە لە دەوڵەتی عێراق و، بەغدا ڕازی بێت و ڕازی نەبێت، دەبێ ھەرێمی کوردستان چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بەڵام سەرەتا باشترە بە دانوستان بێت و بەغدا ھاوکاریمان بکات و ددان بە ئەنجامەکەیدا بنێت.

(بوخاری عەبدوڵڵا)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو ڕیفڕاندۆمەی بڕیارە ئەم ساڵ ھەرێمی کوردستان بەڕێوەی ببات، گرینگترین ڕیفڕاندۆمە، چونکە پێشتر ساڵی ٢٠٠٥ لە ھەرێمی کوردستان ڕیفڕاندۆم کراوە و خۆیشم ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری ئەو ڕیفراندۆمە بووم، بەڵام ئەم جارە چارەنووسی ھەرێمی کوردستان دیاری دەکات و ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان و جیابوونەوەیە لە دەوڵەتی عێراق، لەبەر ئەوە زۆر پێویستە ھەرێمی کوردستان زووتر بەخۆ بکەوێت و ڕێکارەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بگرێتە بەر، تا خەڵکی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بڕیاری خۆیان بدەن، ھەرچەندە ئاشکراشە خەڵک بڕیاری خۆی داوە و دەیانەوێت لە دەوڵەتی عێراق جیاببنەوە و ببنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ و ڕزگار بن لە بندەستیی بەغدا.''

ئەو چاودێرە گوتی: ''بە بۆچوونی من پێویستە ئێستا ھەرێمی کوردستان لەسەر دوو خاڵ کار بکات، یەکەمیان لەگەڵ عێراق بکەوێتە دانوستان و عێراق لە پڕۆسەکەدا بەشدار بێت و ددان بە ئەنجامی ڕیفڕاندۆمەکەدا بنێت، ھەر ئەنجامێکی ھەبێت، دیاریشە ھەڵوێستی بەغدا دژی ڕیفڕاندۆمە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی عێراقداین، دەبێ پرسیان پێ بکرێت و ئەوکات بەغدا ڕازی بێت و ڕازی نەبێت، ئێمە ڕیفڕاندۆمی خۆمان ھەر بەڕێوەبەرین.''

(بوخاری عەبدوڵڵا) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''خاڵی دووەمیش ئەوەیە لە ناوەندە جیھانییەکان و لەسەر ئاستی دنیادا کاری بۆ بکەین، ھەتا پڕۆسەکە بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوە بچێت و پشتگیری و چاودێریی زیاتر بۆ ڕیفڕاندۆم بەدەست بێنین. لەبارەی کاتیشەوە، کاتەکە زۆر گونجاوە و بەندە بە ھەرێمی کوردستانەوە، کە ئامادەکاریی بکات و، پێویستە ئەم ساڵ پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت.''
kdp-
Top