مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر چەند پرسێکی گرنگ کۆدەبێتەوە
حاکم قادر حەمەجان، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە 17.5.2017 مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە سەرپەرشتیی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی حزبەکە لەشاری سلێمانی کۆدەبێتەوە.
حاکم قادر حەمەجان ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و ”چەند پرسێکی دیکەی گرنگ“ دەکرێت.
هەروەها ڕەھبەری سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتیی ڕایگەیاند، تا ئێستا بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانیان بۆ نەنێردراوە، ”بەڵام ئەوەندەی بزانم کۆبوونەوەکە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لە بارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی“.
بە گوتەی رەهبەری سەید برایم، لە کۆبوونەوەکەدا ”زیاتر باسی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکەین“.
باسنیوز
