ھەنگاوەکانی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە خێراتر دەکرێن
ھەژار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: دوای ئەوەی پرۆژەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران و لەوێشەوە ڕەزامەندیی لەسەر دەربڕیوە و بڕیارە ئەو پرۆژەیە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بکرێت و لەوێش ڕەنگە دەستکاریی تێدا بکرێت و ڕەنگە وەک خۆی پەسەند بکرێت".
ئاماژەی بەوەش دا "دوای پەسەندکردنی دواتر پرۆژەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ھەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگەش کاراتر دەکرێت ئەوەش لە چوارچێوەی سەرپەرشتیی ھاوپەیمانان و وڵاتانی جیھاندا دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت دوای پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیە یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "بەم ھەنگاوە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە سوپای ھاوپەیمانان و ھاوپەیمانێکی بەھێزی سەربازی دەبێت لە ناوچەکە".
باسنيوز
