سه‌رۆكى فراكسیۆنێك داواى به‌خشینی له ئه‌ندامێتى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌كێشێته‌وه
فه‌رهاد تۆفیق حه‌سه‌ن، سه‌رۆكى فراكسیۆنى هاوپه‌یمانیی نیشتمانیى كوردستانیى له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، له‌باره‌ى هۆكارى كشانه‌وه‌ى داواى بهخشینهكهى گوتى "من له 13/3/2017 داواى به‌خشینم له ئه‌ندامێتى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى كردووه و ڕامگه‌یاندووه پابه‌ند ده‌بم به‌و ڕێككه‌وتنه‌ى له‌نێوان حزبی سۆسیالیست دیمو‌كراتى كوردستان و حزبی شیوعى كوردستان و زه‌حمه‌تكێشاندا كراوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه پاش پێشكه‌شكردنى داواى بهخشینهكهم سێ جار به‌بێ ئاگادارى من په‌یوه‌ندى كراوه به سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش هه‌ڵوێستێكى درووست نییه".
گوتیشی "تا ئه‌و ڕۆژه‌ى من له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌بم نوێنه‌رایه‌تى هاوپه‌یمانێتی ده‌كه‌م، ده‌بوو چۆن من ڕامگه‌یاند پابه‌ند ده‌بم به ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوانمانه‌وه و داواى به‌خشینم كردووه، لایه‌نه‌كانى هاوپه‌یمانیش پابه‌ند بوونایه به نوێنه‌رایه‌تى منه‌وه".
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "من ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى و ڕاوێژكارى گشتى حزبی سۆسیالیست دیمو‌كراتى كوردستان‌م، ناكرێت براده‌رانى حزبی شیوعى یان هاوپه‌یمانییه‌كه به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌م كه نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كه‌م نووسراو بۆ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا بكه‌ن له‌سه‌ر پرسێك كه په‌یوه‌ندى به‌خودى منه‌وه هه‌یه".
جه‌ختیشیكرده‌وه، كه به‌هۆى پابه‌ندنه‌بوونى لایه‌نه‌كانه‌وه، بڕیاریداوه داواكارى بهخشینهكهى بكشێنێته‌وه.
به‌پێى نووسراوێكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، كارنامه‌ى دانیشتنى سبه‌ینێی ئه‌نجوومه‌نه‌كه بریتی ده‌بێت له ده‌ركردنى ڕێنمایی بهتهندهركردنى پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كانى كۆمه‌ڵگاكانى نیشته‌جێ بوون و په‌سه‌ندكردنى پێكهاته‌ى لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى كه له كۆبوونه‌وه‌ى 33 هه‌میندا بڕیار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌یان درا له 17 لیژنه‌وه بۆ 11 لیژنه و به‌خشینى سه‌رۆكى فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى نیشتمانى كوردستانى له ئه‌ندامێتى ئه‌نجوومه‌ن.
bas news-
