ئازاد جوندیانی: لە یەك دوو مانگی داهاتوودا مەسعوود بارزانی هەنگاوی باش بۆ ڕاپرسی دەنێت
(جوندیانی) كە رۆژی 9/2/2017 نامەی وازهێنانی لە یەكێتی ئاراستەی مەكتەبی سیاسیی حیزبەكەی كرد، ئاشكرای كرد دوای وازهێنانی لە یەكێتی، چاوی بە (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان كەوتووە و دەڵێت، بڕیاری داوە ئیشی حیزبی ناكات، بەڵام لەپێناوی سەربەخۆیی ئەگەر ئەو كارە پێویستی بەو بێت، ئامادەیە بچێتە ناو پارتی.
(ئازاد جوندیانی) لە دیمانەیەکیدا کە لە هەفتەنامەی ڕووداو ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا بلاو بووەتەوەم ڕاگەیاندووە،
"بۆ سەربەخۆییی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان تێزەكەی دیاری كردووە كە رێگایەكی ئاشتیانە و نەرمە، بە دوو ئاراستە ئیش لەسەر ئەو مافە دەكرێت: بە گشتپرسی، بە ئاراستەی دەرەوەش كە ئێمە لەگەڵ بەغدا نامانەوێ ببینە دراوسێیەكی دوژمن و ناكۆك. هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیش دەمانەوێ بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بەو مافە رەوایەی خۆمان بگەین."
"نابێ بەهۆی پەرلەمانەوە خۆمان لە گشتپرسی بدزینەوە"
(ئازاد جوندیانی) هەر لەبارەی ئەم پرسەوە هاوکات دەڵێ، "هەر لایەنێك دەتوانێت پاساوی نەبوونی زەمینە بۆ راپرسی و سەربەخۆیی بهێنێتەوە، بەڵام نابێ هیچ قەیرانێك رێگر بێت لە بەردەم ڕاپرسی و سەربەخۆیی، چونكە سەربەخۆیی بەشێك لەو كێشە و قەیرانانە چارەسەر دەكات. زەمەن و مێژوو لەسەر من و تۆ ناوەستێ، لە 100 ساڵی رابردوودا چ كاتێك هەلومەرج وەكو ئەوەی ئەمڕۆ لەبار بووە بۆ سەربەخۆیی تاوەكو ئێمە بەهۆی قەیران و كەموكوڕیی ناوخۆیی ئەم دەرفەتەی ئێستا هاتووەتە پێش، وازی لێبهێنین؟ كێ دڵنیایی دەداتە من وەكو هاونیشتمانییەك كە ئەو هەلومەرجە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەی ئێستا هەیە دوای 10 ساڵی دیكە بەردەوام دەبێت؟"
(ئازاد جوندیانی) جەخت دەکاتەوە "پەكخستنی، پەكخرانی و پەككەوتنی پەرلەمانی كوردستان بە هەر سێ ماناكە، ناكرێ بكەینە بیانوو بۆ خۆدزینەوە لە ڕاپرسی، بەكارهێنانی ڕاپرسی وەكو كارتێكی گوشار لەلایەن حیزب و لایەنێك دژی لایەنێكی دیكە، بۆ سازشپێكردنی لە بابەتێكی دیاریكراو بۆ سەرخستنی بەرژەوەندییە حیزبی و شەخسییەكان، لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا نییە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ئایا بەبێ پەرلەمان ڕاپرسی دەكرێت؟ ڕایگەیاند "من كەسێكی یاسایی نیم و سیاسیم، بەڵێ دەكرێت."
(ئازاد جوندیانی) بەبێ ئەوەی وردەكارییەکەی بێنێتە بەرباسەوە گوتی، "(كاك مەسعوود بارزانی) لە راپرسی و سەربەخۆیی راستگۆیە، مەبەستێتی بە بەشداریی كارای ئەو، یان رۆڵی هەبێت لەوەی كورد بگاتە ئەو مافە رەوایەی خۆی، بە نەفەسێكی درێژ لەگەڵ لایەنەكان ئیش دەكات بۆ ئەوەی زۆرترین لایەن و ئاراستەی سیاسی لەو پرسە كۆ بكاتەوە، پێموایە لە یەك دوو مانگی داهاتوودا (كاك مەسعوود بارزانی) هەنگاوی باش بۆ گشتپرسی دەنێت."
"(مام جەلال) لایەنگری سەربەخۆییی كوردستان بوو"
لە وەڵامی ئەوشادا کە ئەو لە (سەرۆک مام جەلال) نزیك بووە، داخۆ تێڕوانینی بۆ سەربەخۆیی چی بوو؟، (ئازاد جوندیانی) دەڵێ: "من سەرپشك نیم بە ناوی (مام جەلال)ـەوە قسە بكەم، دەستم بە نووسینەوەی یادداشتەكانم كردووە و ناویشم بۆ داناوە: (ژوورە شێدارەكانی سیاسەت)، لەوێ زۆر شت باس دەكەم. (مام جەلال) لایەنگری سەربەخۆییی كوردستان بوو، كتێبێكی هەیە كە وەڵامی شیوعییەكانی داوەتەوە بە ناوی (أغد ودیمقراطی وحرمان شعب حتی من حق الحلم؟) لەوێ روانگە و ستراتیژی مام جەلال بۆ سەربەخۆیی خراوەتەڕوو، من حەقم بە لێدوانی لابەلا بۆ مامەڵەكردنی رۆژانە لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی نییە، ئەمە شتێكی تاكتیكیە، بەڵام روانگەی ستراتیژیی (مام جەلال) لەگەڵ سەربەخۆییی كوردستانە."
ئەو سەرنجیشی لەبارەی بڵاوبوونەوەی كتێبی دیداری تەمەن هەیە و دەڵێ "زۆر جاران (كاك سەڵاح رەشید)م دەبینی كە دەهاتە لای (مام جەلال) بۆ تۆماركردنی ئەو یادداشتە، پتر لە دووجار گوێم لێبووە (مام جەلال) دەیگوت (كاكە سەڵاح) ئەم شتانە بە ئەمری خۆم نەبێت یان لە دوای خۆم، بڵاو ناكرێنەوە."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەشدا کە (تاڵەبانی) دوای رێككەوتنی ستراتیژی، چۆن ئامۆژگاری و رێنمایی ئێوەی دەكرد لە مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانی؟، (ئازاد جوندیانی) گوتی: "ئامۆژگارییەكانی ئەوە بوو كە نابێ لەگەڵ پارتی تێكیبدەین، بەوپێییەی من بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن بووم، دەیگوت ئەگەر پێویست بكات، قسە لەسەر پارتی بكەن، بەڵام نابێ لەسەر ماڵی (مەلا مستەفا) قسە بكەن، (مام جەلال) پیاوێكی تێگەیشتوو بوو، دەیزانی كە بە ناكۆكییەكی 50 ساڵی نەتوانرا هیچ لایەك ئەوەكەی دیكە بسڕێتەوە، بۆیە دەبێ رێكبكەوین."
لەبارەی وجودی پەكەكەشەوە لە شنگال (ئازاد جوندیانی) دەڵێ: "بۆ بەس لە شنگال، لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان هەیە، وجودی پەكەكە بەم تەشەنوجە لێرە نابێت، ئەم بوونە زەرەری لە هەرێمی كوردستان داوە، نابێ بەبێ رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەكەكە لێرە هەبێت، چۆن ئێمە بۆمان نییە لە كوردستانی توركیا خۆمان بسەپێنین ئەوانیش لێرە ناتوانن وا بكەن. مەترسییەكە لێرەیە كە روانگای پەكەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كوردستان لەگەڵ هەرێمی كوردستان جیاوازە، بە تایبەتی لە دوای دەرچوونی تێزەكەی (ئۆجەلان) كە بڕوای بە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، بەڵكو خۆسەری دیموكراتی كە ئێستا لە رۆژئاوا جێبەجێ كراوە، بە چارەسەر دەزانێ. ئەگەر ئەوە لە شنگال جێبەجێ بكرێت، مەترسی پێكدادانی دوو فەلسەفە هەیە."
(ئازاد جوندیانی) هەروەها ڕایگەیاندووە: "ئەو كاتەی دەستم لەكاركێشایەوە هەڵمەتێكی توندی چەواشەكارانە كرایە سەر من. روونكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پشتگیرییەكی مەعنەویی گەورە بوو بۆ من. ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕی لە هەر شوێنێك بتوانم خزمەت بكەم، بۆیە ئەوەم وەكو پێشنیازێك وەرگرت و سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەم."
دەشڵێت "دوای ئەوەی دەستم لە كار كێشایەوە چوومە خزمەتی و میوانداری كردم، زۆر بابەتمان پێكەوە باس كردووە، بەڵام تەركیزمان لەسەر چۆنیەتیی سەرخستنی ستراتیژی سەربەخۆیی بوو."
kdp-
