هەڵگورد حیکمەت: پرۆسەی بایۆمەتری لەنێو پێشمەرگەدا بەردەوام دەبێت

 	 هەڵگورد حیکمەت: پرۆسەی بایۆمەتری لەنێو پێشمەرگەدا بەردەوام دەبێت
بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، بە شێوەیەکی گشتی پرۆسەی بایۆمەتری لە وەزارەتی پێشمەرگە تەواو دەبێت، بەڵام بەھۆی بەردەوامیی شەڕەوە پرۆسەکە ھەر دەمینێت و کاری لەسەر دەکرێت، ئاشکراشی کرد، تا ئێستا زیاتر لە ٢٣٠ ھەزار کەس لە وەزارەتی پێشمەرگە ناوی خۆی تۆمار کردووە.

بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە پرۆسەی بایۆمەتری جێبەجێ بکەین، دواتر وەزارەتی دارایی بڕیار دەدات چ کاتێک کار بەو سیستەمە دەکرێت، بەڵام ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەیەکی کەم کەس ماون، کە بەشدارییان لە پرۆسەی بایۆمەتریدا نەکردووە، وەکو پێشمەرگە بریندارەکان و ئەوانەی شوێنیان دوورە و، ھەندێک خانەنشینیش ماون، کە لە دەرەوەی وڵاتن، دەنا ئەوانەی دیکە تەواو بوونە.''

عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) گوتی: ''پرۆسەی بایۆمەتری بە شێوەیەکی گشتی لە وەزارەتی پێشمەرگە تەواو دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە شەڕداین و ڕۆژانە شەھید و بریندارمان ھەیە، بۆیە پرۆسەکە لای ئێمە بەردەوام دەبێت و پێویستە کاری لەسەر بکرێت.''

بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، بەپێی گوتەی بەرپرسانی پرۆسەی بایۆمەتری تا ئێستا زیاتر لە٢٣٠ ھەزار کەس لە وەزارەتی پێشمەرگە ناوی خۆیان تۆمار کردووە.

kdp-
Top