هەڵگورد حیکمەت: پرۆسەی بایۆمەتری لەنێو پێشمەرگەدا بەردەوام دەبێت
بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە پرۆسەی بایۆمەتری جێبەجێ بکەین، دواتر وەزارەتی دارایی بڕیار دەدات چ کاتێک کار بەو سیستەمە دەکرێت، بەڵام ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەیەکی کەم کەس ماون، کە بەشدارییان لە پرۆسەی بایۆمەتریدا نەکردووە، وەکو پێشمەرگە بریندارەکان و ئەوانەی شوێنیان دوورە و، ھەندێک خانەنشینیش ماون، کە لە دەرەوەی وڵاتن، دەنا ئەوانەی دیکە تەواو بوونە.''
عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) گوتی: ''پرۆسەی بایۆمەتری بە شێوەیەکی گشتی لە وەزارەتی پێشمەرگە تەواو دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە شەڕداین و ڕۆژانە شەھید و بریندارمان ھەیە، بۆیە پرۆسەکە لای ئێمە بەردەوام دەبێت و پێویستە کاری لەسەر بکرێت.''
بەڕێوبەری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، بەپێی گوتەی بەرپرسانی پرۆسەی بایۆمەتری تا ئێستا زیاتر لە٢٣٠ ھەزار کەس لە وەزارەتی پێشمەرگە ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
kdp-
