چەند ئەکادیمییەکی بواری سیاسەت ھاوڕای ئازاد جندیانین
لە میانی ھەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی (کوردستان 24)، ئازاد جوندیانی، سیاسەتڤان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە کوردستاندا قەیرانی زۆر ھەن، بەڵام "ئۆپۆزسیۆن باسی بەشێکی دەکەن و خۆیان لە بەشێکی تری نادەن".
ئەوەشی نەشاردەوە کە پێیوایە پەرلەمان بۆ خۆی قەیرانە و ساڵانێکە ئەگەر کێشەی دروست نەکردبێت، ئەوا کێشەی چارەسەر نەکردووە.
لەلایەن خۆیەوە د. پەروێز رەحیم، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، رایگەیاند: "پەرلەمان لە دوو ڕوانگەوە بووەتە قەیران، یەکەم کاتێک گرفتەکانی سیاسی گوازرایەوە بۆ مەیدانی پەرلەمان، بۆیە ئەویش بووە بەشێک لە گرفتەکان، دووەم کاتێک گرفتەکان چارەسەر نەکرا، پەرلەمانیش ناتوانێت چارەسەری گرفتەکان بکات، مادام پەرلەمان دەرھاوێشەی کێشەیە، خۆی ناتوانێت گرفت چارەسەر بکات".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئەوەشی روون کردەوە کە: "دەبێت خەڵکی کوردستان ئەوە بزانن کە ناتوانین پشت بەوە ببەستین کە پەرلەمان گرفتیان بۆ چارەسەر بکات، چونکە پەرلەمان بووەتە دەرھاوێشەی گرفتەکان و بەشێک لە گرفتەکان".
گوتیشی: "پەرلەمان جۆرێک لە گرفتی دروست کردەوە ھەندێک جار ململانیی سیاسی لە دەرەوەی حزبەکانیش لەوێوە دروست بوەتەوە، بە خراپ شەقامی ئاڕاستە دەکرد، چونکە کاراکتەرەکانی پەرلەمان گرفت دروست دەکەن، ناتوانیت پشتیان پێ ببەستیت ئەمە جیاوازی پەرلەمانی پێشکەوتوو دواکەوتووە".
ھەر لەمبارەوە ڕزگار حەمە ئەمین، مامۆستای زانکۆ، رایگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان لەماوەی رابردوو زۆر قەیرانی دروست کرد، یەکێک لەوانە پەرلەمان بوو بە مەرجەعیەتی ھەڵقوڵاندنی کێشە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان بۆ ناو پەرلەمان، لەھەمان کاتدا پەرلەمان کرابووە ئامرازی گوشاری حزبی زۆر حزب تەسفەی حساباتیان لە پەرلەمان یەکلا دەکردەوە و لەوێوە فشاریان دروست دەکرد، ھەندێکیان پەرلەمانیان بۆ جوڵاندنی شەقام بەکاردەھێنا".
ئەو مامۆستایە، ئەوەشی خستەڕوو: "سەرجەم ئەمانە وای کرد کە پەرلەمان جگە لەوەی لە گرفت بۆ دۆخی سیاسی کوردستان دروست کرد، بەڵکو ئەو دامەزراوەی لەبەر چاوی خەڵک کردە دامەزراوەیەکی حزبی و بێ دەسەڵات".
گوتیشی: "بەشێک لە گرفتەکانی پەرلەمان پەیوەندی بەو کەم ئەزموونییەی پەرلەمانتارنەوە ھەبوو کە حزبەکان لەسەر بنەمای دەنگ کۆکردنەوە بەکاریان ھێناون و بردینانە پەرلەمان".
باسنیوز
