گەرمیان.. لەمانگێکدا تیمی نۆڕینگەی پزیشکیی گەڕۆک 548 نەخۆشی بینیوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی گەرمیان، بەھاوکاری رێکخراوی تەندروستی جیھانی، دەستی بە پڕۆژەیەک کردوە کە بریتییە لە پێکھێنانی تیمی پزیشکیی گەڕۆک و گەڕانیان بەسەر گوندەکانی سنووری گەرمیان، بەتایبەتی گوندە دوورە دەستەکان.
سۆران عەبدوڵلا سەمین، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، رای گەیاند: "لە ماوەی مانگی یەکەمی کارەکەماندا واتا مانگی نیسانی 2017، توانیومانە چارەسەر بۆ 548 ھاوڵاتی بکەین، کە 308یان لە رەگەزی مێ و 240 یان لە رەگەزی نێر بوون".
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو کە لەو رێژە ھاووڵاتییەی چارەسەریان وەرگرتووە، 236 کەسیان لە ئاوارەکان بوون.
ئاماژەی بەوەش دا لەم مانگەدا زۆرینەی جۆری ئەو نەخۆشی و حاڵەت و کێشە تەندروستییانەی کە ھەبوون، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی ھەناسەدان، پێست و نەخۆشی کۆکە بوون.
لای خۆیەوە، د. سیروان محەمەد جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان، رای گەیاند: "ھەوڵمانداوە ئەو کەلێنەی لەخزمەتگوزارییەکاندا دروست بووە بە ھۆی کاریگەری قەیرانی داراییەوە، لەرێگەی ھاوکاری رێکخراوەکانەوە پڕ بکەنەوە".
گوتیشی: "ئەگەر رێکخراوەکان ھاوکارمان بن، ئەوا دەتوانین کاری باشتر بۆ خزمەتی ھاووڵاتیان ئەنجام بدەین، بەتایبەتی ھاوولاتیانی گوندنشین".
باسنيوز
