محەمەد حاجی مەحموود: بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان دەڵێن بڕۆن لە کۆڵمان ببنەوە

 محەمەد حاجی مەحموود: بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان دەڵێن بڕۆن لە کۆڵمان ببنەوە
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە لایەنە عێراقییەکان لەسەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان بوون بە دووبەشەوە، بەشێکیان دەڵێن بڕۆن لێمان جیاببنەوە و دەوڵەت دروست بکەن.

محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان، رایگەیاند: "عێراقییەکان لەسەر پرسی ریفراندۆم دوو جۆر بیردەکەنەوە ھەیە، یەکێکیان ئەوانەی زۆر دژی کوردن، دەڵێن با کورد بڕوات بۆ خۆی دەوڵەت دروست بکات و لە کۆڵمان ببێتەوە، یانی وازمان لێ بێنن، بەرەیەکی دیکە دەڵێن رەنگە پێمان وابێت ئێستا کاتی نییە، ئەمانە خۆیان بەدۆست دەزانن، گوایە ئیستا کاتی نییە و بۆ خۆمان زیانی ھەیە".

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: "واتە ئەوانە ھیچیان دان بە ریفراندۆم نانێن، دەڵێن حەقتانە، ئەو سیاسیانەش کە ئیستا لە دەسەڵاتن، دەڵێن پێمان باشە گفتووگۆ لەسەری بکرێت، بەڵام لە کۆبوونەوەکە ھەڵسانەوە دەڵێن شتی وامان نەگوتووە، بە کورتییەکەی ھیچ کەسێک لە عێراق دان بەڕیفراندۆم و سەربەخۆیی نانێت".

ئەوەشی روون کردەوە: "دەبێت ئەمری واقع دروست بکەین، نابێت چاوەڕوانی ئەوەبین کێ پشتیوانی گەلی کورد دەکات و کێ نایکات، ئێمە ماڵی خۆمانە بڕیاری خۆمانە، بۆ ریفراندۆم دوو حاڵەتە ھەیە، یەکێکیان گرفتەکان چارەسەر بکەیت، دووەم کاتێک گەلی کورد یەک بۆچوونی ھەبوو ئەو کاتە ھەمووان لەبەردەم ئەمری واقع ملکەچ دەبن، لەناو کوردیش کەس ناتوانێت لە دژی ریفراندۆم بێت، لە کەرکووک ئاڵا ھەڵدرا ھەندێک لایەن ھەر ئاگادار نەبوون کەچی کەسیش دژی نەبوو بۆ ریفراندۆم و دەوڵەتیش کەس ناتوانێت لەدژی بێت".

محەمەدی حاجی مەحموود، لەبارەی ئەگەری ھێرشی حەشدی شەعبی لە شنگال بۆ سەر پێشمەرگە،گوتیشی: "باوەر ناکەم شیعە و حەشدی شەعبی شەڕ لەگەڵ کورد بکەن، شەڕ لەگەڵ کورد بزماردانە لە تابوتی خۆیان".











باسنیوز
Top