زانکۆیەکی تەکنۆلۆژیی مالیزی لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەت رۆژی دووشەممە 15.5.2017 یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا لە هەولێر لەگەڵ د. محەمەد فوئاد، سەرۆکی شاندی زانکۆی UTMـی تەکنۆلۆژیای مالیزی کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد فوئاد رایگەیاندووە، کە بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان ”ناوچەیەکی ئارامە“، بە نیازن تێیدا وەبەرهێنان لە بواری خوێندنی باڵا بکەن و لقێکی زانکۆکەیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
یوسف گۆران ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ هاوکاریکردنی ئەو زانکۆیە ”لەچوارچێوەی بڕیار و رێنماییەکانی دڵنیای جۆری و متمانەبەخشین“، نیشان داوە و رایگەیاندووە، ”خۆشحاڵ دەبین سود لە ئەزمونى زانکۆکانى ئەو وڵاتە وەربگرین بەتایبەت لە بوارى ئەندازیارى و تەکنەلۆژیا“.
باسنیوز
