گۆڕان: لەوەتەی گەڕاوەتەوە کەس نەوشیروان مستەفای نەبینیوە و وێنەی بڵاو نەکراوەتەوە
عومەر حاجی عینایەت، ھەڵسووڕاوی گۆڕان و ئەندامی فراکسیۆنی ئەو بزووتنەوەیە لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "نەشیروان مستەفا، لە دوای ھاتنەوەی بۆ کوردستان، تائێستا ھیچ وێنەیەکی نەگیراوە، چونکە خۆی حەزی نەکردووە، حەزی لە عەنعەنە و تەنتەنە نییە، دیارە ھەر خۆشی بە ئەنقەست وای کردووە، تا ئەم کاتەش ھیچ ھەڵسووڕاو و کەسێک نەیبینوە، دیارە دەیەوێت پشوو بدات، من وەک خۆم تا وای لێنەیەت بتوانێت بە ئیسراحەت قسە بکات، ناچمە لای".
لەبارەی دیداری سیاسییەوە، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ڕوونی کردەوە: "بۆ ئەوە ھاتووەتەوە ئاگاداری ئەم دۆخە بێت، بۆ ئەوەی بە ڕاستەوخۆ شتەکان ببینێت، بۆیە ھیوادارم دیداری بارزانی و نەوشیروان مستەفا ئەنجام بدرێت و داواش دەکەم یەکتری ببینن و گرفتەکان چارەسەر بکەن".
عومەر حاجی عینایەت، گوتیشی: "دەبێت حزبەکان پێکەوە دابنیشن و بڕیاری خۆیان بدەن، رەنگە نەوشیروان مستەفاش بەم زووانە نەڕواتەوە".
پێشتر شیرین ڕەزا، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە بەهۆی ئەوەی باری تەندرووستی ڕێگەی نەداوە، نەوشیروان مستەفا دوور لە چاوی میدیاکان بۆ کوردستان گەڕاوەتەوە.
باسنیوز
