وەزارەتی ئیتلاعات: بنکە و بارەگای پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نائەمن دەکەین

 وەزارەتی ئیتلاعات: بنکە و بارەگای پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نائەمن دەکەین
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕێکی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرکی گشتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا هەڕەشەی تێکدان و لەناوبردنی بنکە و بارەگای پارتەکانی ڕۆژهەڵات دەکات.



ماڵپەڕی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە "قودرەتوڵا دیالمە" سەرۆکی گشتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە، لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەدا وێڕای ئاماژەدان بە کار و چالاکیی وەزارەتی ئیتلات، باس لە بوونی ئاسایش لە پارێزگای سنە و ناوچە سنوورییەکان کردووە.



ئەو بەرپرسە ئەمنییەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە درێژەدا دەڵێت "ئەگەر هێزە کوردییە دژە شۆڕشەکان بیانهەوێ بێنەوە ناو خاکی ئێرانەوە، ئەمنیت و ئاسایشی بنکە و بارەگاکانیان دەشێوێنین، هەروەک پێشتریش ئەمکارەمان کردووە".



لەم بارەوە و ڕۆستەم جەهانگیری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) گوتی "هیچ پارت و ڕێکخراوێک لەسەر بنەمای هەڕەشە نە خەبات دەکات و نە پاشەکەشە دەکات، (حدکا) پارتێکی خاباتگێڕە و ئەو پلان و بەرنامانەی کە دایناوە، لەسەریان سوورە و درێژەیان پێ دەدات".



ڕۆستەم جەهانگیری کە هاوکات بەرپرسی کۆمسیۆنی سیاسی – نیزامیی حدکاشە گوتیشی "جا هەر کەس و لایەنێک هەڕەشە دەکات و دەیهەوێ بنکە و بارەگا تێک دەدات، با بیکە، ئاساییە و کاری دوژمنان هەڕەشەیە و کاری ئێمەش خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەکەمانە و ئەمە بە ئەرکی سەرشانمان دەزانین".



ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حدکا لەبارەی ئامانجی هەڕەشەکانی ئێران لە بەرەبەری هەڵبژاردن گوتی "یەک ئەوەیە خەڵکی چاوترسێن بکەن و بیانهێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان و مانۆڕی پێوە بدەن، لەلایەکی دیکەشەوە ئێران گوشاری زۆری نیودەوڵەتیی لەسەرە و دەیانهەوێ بیسەلمێنن کە دەوڵەتێکی بەهێزن و دەیانەوێ بڵێن کە خەڵکمان لەگەڵە. ئەمانە هەموو ترس و وەحشەتێکی یەکجار زۆریان خستووەتە دلێ بەرپرسانی ئێران و لە چارەنووسی خۆیان و حکوومەتەکەشیان دەترسن و ئەوەش دەزانن کە ئەگەر بێت و هەر درزێک لە ناوخۆی وڵاتدا ڕوو بدات سێڵاوی تووڕەیی خەڵک ئەوان لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و دەیبات".



هەر لەم پەیوەندییەدا دوێنێ چوارشەممە 2017/5/11 عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی ئێران هەڕەشەی لە دژبەران کرد و گوتی "هەر کەس بیهەوێ ئەمنیەت و ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی ئێران تێک بدات، بێگومان شەقەزللەی لێ دەدرێت و وەڵامی دەدرێتەوە".



ماوەی دوو ساڵە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پارتە کوردییە بەرهەڵستکارەکانی دیکەی ئێران لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان جێگیر بوون و ساڵی ڕابردووش پێشمەرگەکانی حدکا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی شنو، پیرانشار، مەهاباد، سەردەشت، بانە، مەریوان و سەوڵاو لەگەڵ سوپای پاسداران تووشی شەڕ و پێکدادان بوون و زیاتر لە دە پێشمەرگەی دیموکرات شەهید و بە دەیان چەکداری سوپای پاسدارانیش کوژران.



باسنیوز
Top