د. دیندار زێباری ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی دۆخی كەركووك دەدات

د. دیندار زێباری ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی دۆخی كەركووك دەدات
د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند نزیکەی 700 هەزار ئاوارە روویان لە پارێزگای کەرکووک کردووە و نەتەوەکانیان پۆلین نەکراون، بەڵکو هەموو نەتەوەکانی شارەكە بە یەک شێوە هەمان خزمەتیان پێشکەش دەکرێت.


لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە نێویشیاندا رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ چەندین تۆمەتیان داوەتە پاڵ هێزەکانی ئاسایشی کەرکووک بەوەی هاتوچۆی ئاوارە تورکمانە سونیەکانیان سنوردار کردووە، بەڵگە و ناسنامەیان لەو ئاوارانە سەندووەتەوە کە روویان لە کەرکوک کردووە، بە زۆر ناچار کراون کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لە کاتێکدا ناوچەکانیان هێشتا مەترسیدارن و هەندێک جار بەبێ بوونی بەڵگەی تەواو، ئەم ئاوارانە بۆ ماوەی چەند سەعات یان چەند رۆژێک بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر دەکرێن، لە کاتێکدا ئەوان پێیان وایە تەنها هۆکاری ئەم دەستگیرکردنە ئەوەیە کە ئەوان تورکمانی سونەن نەک هیچ شتێکی دیکە.


د. دیندار زێباری لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی هێزەکانی ئاسایشی کەرکووک لەگەڵ تورکمانە سونەکان رایگەیاند "بە شێوەیەکى گشتى ئەو ئاوارانەى کە ڕوویان کردووەتە کەرکووک، نزیکەى 600 بۆ 700 هەزار کەس دەبن و نەتەوەکان پۆلین نەکراون، بەڵکو هەموو نەتەوەکان بە یەک شێوە هەمان خزمەتیان پێشکەش دەکرێت".


گوتیشی "ئەو ئاوارانەى شارەکانیان ئازاد کراوە و ماوەى چەندین مانگ یان ساڵ بەسەر ئازادبوونیاندا تێپەڕیوە ئەوا بەپێی بڕیارى پارێزگاى کەرکووک و پارێزگارەکانى ئەو شارانە، هەروەها بە بڕیاری ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ئەو ئاوارانە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان بۆ ئەوەی شارەکانیان دووبارە ئاوەدان بکرێنەوە بۆ نمونە هاووڵاتیانى دیالە و تکریت".


سەبارەت بە زۆرەملێ گەڕاندنەوەی ئاوارە تورکمانە سونەکان و دەرکردنیان لە شاری کەرکووک، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئاماژەی بەوە کرد کە بە هیچ شێوەیەک ماوەی تایبەت بە تورکمانە سونەکان دەستنیشان نەکراوە و مامەڵەی جیاواز بەرامبەر ئاوارەکان نەکراوە، نە تورکمانە سونەکان و نە نەتەوە و تایەفەکانی دیکە، بەڵکو کارەکان لەسەر بنەماى بەڵگەى تاوان ئەنجام دەدرێن و هەموو کەس یەکسانە، ئەگەر کەسێکى تیرۆریست کورد بێت، تورکمان، عەرەب، شیشانى یان هەر نەتەوەیەکی دیکە بێت، ئەوە لە بڕیاردان لەسەریان هیچ جیاوازیان نییە.


لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا زێباری رایگەیاند "بە پێچەوانەی ئەوەی باس کراوە، ئاوارەکان سەرەتا لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە پێشوازیان لێ دەکرێت، دواتر ئەوانەى لە میحوەرى پێنجى دووبز دێن، ڕەوانەى ئاسایشى دووبز دەکرێن و لەوێ یارمەتى مرۆیی خێرایان پێشکەش دەکرێ وەکو خواردن، خواردنەوە، دەرمان، پێداویستى سەرەکى تر. ئەمەش بە هاوکارى چەند ڕێکخراوێکى نێودوڵەتى وەکو IOM,UNHCR) ICRC,UNICEF) دەكرێ، پاشان دەست بە لێکۆڵینەوەیەکى سەرەتایی دەکرێ لە لایەن لیژنەیەکى هاوبەش لە کەسایەتى ئاوارەکان بۆ جیاکردنەوەى ئەوانەى کە تۆمەتبارن یاخود تاوانبار. ئەم پرۆسەیە نزیکەى 5 تا 24 سەعات دەخایەنێ، جگە لە حاڵەتى نا ئاسایی وەکو پشوو، پاشاندا کەسی داواکراو حەواڵەى شوێنى داواکردن دەکرێت بۆ نمونە، پۆلیس و دادگا.


لە کۆتاییدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئەو ئاوارانەى کە شارەکانیان ئازاد کراوە و ماوەى چەندین مانگ یان ساڵ بەسەر ئازادبوونیان تێپەڕیوە، بەپێی بڕیارى پارێزگاى کەرکووک و پارێزگارەکانى ئەو شارانە و بە بڕیاری ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق دەگەڕێندرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و داوا لە هێزەکانی ئاسایش کراوە کە یارمەتیدەری ئەو ئاوارانە بن بۆ گەڕانەوە بۆ شارەکانیان تا دووبارە ئاوەدان بکرێنەوە بۆ نمونە هاووڵاتیانى دیالە و تکریت.
bas news -
Top