قوتابیان و لاوان: دەبێ لایەنە سیاسییەکان بە گەرمییەوە بەپیر ڕیفراندۆمەوە بێن

قوتابیان و لاوان: دەبێ لایەنە سیاسییەکان بە گەرمییەوە بەپیر ڕیفراندۆمەوە بێن
قوتابیان و لاوان لە سنووری پارێزگای دهۆك یەكڕیزیی نیشتمانی بە كلیلی چارەكردنی كۆی كێشەكان دەزانن، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەركی هەموو لایەنە سیاسییەكانە، پشتگیریی (سەرۆك بارزانی) بكەن، بۆ ئەوەی گەلی كورد بە ئامانجەكانی بگات.

(ڕەمەزان محەمەد)، قوتابیی كۆلێژی كشتوكاڵ لە دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''مرۆڤ دەخوێنێت بۆ ئەوەی پاشەڕۆژێكی گەش بۆ خۆی دیاری بكات، باب و باپیرانی ئێمەش بە درێژایی مێژوو خەباتیان كردووە، بۆ ئەوەی ڕۆژێك بە ئازادی لە وڵاتی خۆیاندا بژین، بۆیە بۆ ئەوەی خەباتی گەلی كورد و خوێنی شەهیدەكانمان بەفیڕۆ نەچێت، دەبێ لایەنەكان پشتگیری لە (سەرۆك بارزانی) بكەن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكەن و گەلی كورد بە ''بەڵێ'' دەنگ بدات و بە ئاواتەكانی خۆی بگات و پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە گەرمییەوە بەپیر ڕیفراندۆمەوە بێن.''

(شەهید مشیر)، قوتابییەكی دیكەیە لە دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''هەموومان بە پەرۆشین بۆ ئەوەی ڕۆژی ڕیفراندۆم دیاری بكرێت، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین، خۆیان بكەنە یەك و لە دەوری سەرۆكی هەرێم كۆ ببنەوە، نەك مەرجیان هەبێت و ببنە ڕێگری هیوا و ئاواتی گەلی كورد.''

(شەهید مشیر) گوتیشی: ''پارتی و یەكێتی بە یەكەوە دەتوانن خەونی گەلی كورد بكەن بە ڕاستی، بۆیە داوایان لێ دەكەین، چی دیكە لەسەر لایەنەكان ئەو پرسە دوا نەخەن و ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكەن، چونكە گەلی كورد بە پەرۆشە بۆ ئەو ڕۆژە، بۆ ئەوەی بە ''بەڵێ'' دەنگ بدات.''

(كەڤین مونیر)، لاوێكی شاری دهۆكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''(سەرۆك بارزانی) ماوەیەكی زۆرە كار بۆ ئەوە دەكات، كە ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەش كاری زۆر پێویست كراوە، ئەوش ئەوە دەگەیەنێت، كە سەرۆكی هەرێم مكوڕە لەسەر ئەو بەرنامەیەی خۆی، كە كوردستان بەرەو بەدەوڵەتبوون بڕوات، بۆیە پێویستە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان لە هەرچوار پارچەی كوردستان پشتگیری لە (سەرۆك بارزانی) بكەن، چونكە ئەوە پەیوەندیی بە حزبێك و دوو حزبەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە چارەنووسی گەلێكەوە هەیە، هەموو كوردێكیش، كە دڵسۆز بێت و خاك و وڵاتی خۆی خۆش بوێت، پێی خۆشە كوردستان ببێتە دەوڵەت.''

(مەولود شەهاب)، قوتابیی كۆلێژی یاسا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''دەرفەتێكی مێژوویی بۆ گەلی كورد ڕەخساوە، گەلی كورد پێویستە ئەو دەرفەتە لە دەست خۆی نەدات، هەموو لایەنە سیاسییەكان پێكەوە پاڵپشتی هەنگاو و بڕیارەكانی (سەرۆك بارزانی) بن.''

(مەولود شەهاب) زیاتر گوتی: ''پرسی دیاریكردنی مافی چارەنووس، پرسێكی گەورە و گرینگە بۆ گەلی كورد، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەكان زیاتر لە هەموو پرسەكانی دیكە، كێشە ناوخۆییەكان وەلاوە بنێن و پێكەوە گفتوگۆ بكەن و ڕیزەكانیان یەك بخەنەوە و یەكهەڵوێست بن، چونكە ئەركی سەرشانی هەموو تاكێك و سەرجەم لایەنە سیاسییەكانە، پشتگیری لە ڕیفراندۆم بكەن.''
kdp-
Top