حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 19/4/2017، لە میانی (کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کۆچ بۆ ئاوارەکان)، کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا و لەگەڵ هێرشەکەی داعشدا، ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە و ئاسایشیان بۆ دابین کراوە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ملیۆنێک و 300 هەزار ئاوارە لە کوردستاندا ماونەتەوە.
وەزیری ناوخۆ ئەوەشی ڕاگەیاند: ”پێشوازی لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان دەکەین و لەو ئەگەرەدا گشت هاوکاری و ئاسانکارییەک پێشکەش بە ئاوارەکان دەکەین، بەڵام گەڕانەوەی ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیە هەروا بە خۆڕسکی هەرگیز ڕوونادات. بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی واقیعی سەیری ئەو پرسە بکەین و تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەموو لایەنەکان دروست بکەین“.
داواشی کرد کە ستراتیژ و پلانێکی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت. گوتیشی: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانەی کە لەلایەن پێشمەرگەوە ڕزگار کراون و دەپارێزرێن، بەرپرسە، بۆیە لە نێوان هەولێر و بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ بکرێت لەبارەی پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان و پرۆسەی سەقامگیری، کارێکی پێویستە“.
کەریم شنگالی داواشی لە ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، نوێنەر یان ڕێکخەرێکی تایبەتی لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکەن، تاوەکوو لەمبارەیەوە گفتوگۆ بکەن.
باسنيوز
