جگە لە ئاوارە و پەنابەران، نەخۆش و بریندارانی سوپای عێراقیش لە هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێن
ماوەیەکە هەندێک لە رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم ئامادە نین چارەسەری ئەو کەسانە بکەن کە رووبەرووی هەندێک نەخۆشی و حاڵەتی تایبەت بوونەتەوە و، ئەگەریش کردبێتیان لەو ئاستەدا نەبووە کە پێویستە ببێت.
سەبارەت بەم بابەتە (د. دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، هاتنی ئاوارە و پەنابەران بارگرانییەکی زۆری لەسەر هەرێمی کوردستان درووست کرد لە هەموو روویەکەوە، لەوانەش دەوا و دەرمان و گوتی: "دوای رووداوەکانی سووریا و هێرشی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەک و هاتنی ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و ئاوارە بۆ کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ کردن و لە هەموو روویەکەوە بەپێی توانا هاوکاریی کردوون، لەوانەش لە رووی تەندروستییەوە تواناکانی خۆی خستە گەڕ بۆ یارمەتیدانیان لە سەرەتادا خزمەتگوزارییە تەندرووستییە پێویستەکانی پێشکەش کردن لە شوێنی نیشتەجێکردنیان بۆ پاراستنی ژیانیان."
(زێباری) دەشڵێ، دوای نیشتەجێکردنی ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بەردەوام لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان و لە سەرجەم کەمپەکان بنکەی تەندروستی هەیە کە هەموو خزمەتگوزارییەکی پێویست لە خوپارێزی و چارەسەرکردن پیشکەش دەکات، بۆ ئەو حاڵەتانەی کە لە بنکە تەندروستییەکان چارەسەر ناکرێن ئەمبوڵانس دابین کراوە بۆ رەوانەکردنی نەخۆش بو نەخۆشخانەکانی ناو شارەکان، چەند نەخۆشییەک هەیە پێشبینی کراوە و تومار کراوە.
(زێباری) روونی کردەوە، کە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ، ژمارەیەکی زۆری ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کردوو و بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ تا رۆژی 20/3/2017، زیاتر لە (255) هەزار کەس لە مووسڵ دەوروبەری ئاوارە بوون و شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە و بەشێکی زۆریان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لەو کەمپانە نیشتەجێ کراون کە بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کراون، بەتایبەتی کەمپەکانی حەسەن شام و خازر. لەو ڕێژەیەش زۆربەیان منداڵ و بە ساڵداچوون و پێویستیان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هەیە.
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی بریندارانی شەڕی مووسڵ گوتی: رۆژانە بە بەردەوام بریندارانی پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ روو لە نەخۆشخانەکانی هەرێم دەکەن بۆ چارەسەرکردن، بۆ نموونە بەپێی ئامارەکانی سەنتەری پرۆسە مرۆییەکان (OCHA) لە رۆژی 17/10/2016 تا 12/3/2017 ئەو بریندارانەی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ کە تەنیا لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر چارەسەریان وەرگرتووە (1693) کەس بوون لەگەڵ (15) برینداری چەکی کیمیاوی کە لە مووسڵ بەر هێرشی کیمیاوی تیرۆریستانی داعش کەوتبوون جگە لە هاوکاریی بەردەوام بۆ ئاوارە و پەنابەران بەمەش بەشێکی زۆری ئەو دەرمان و پێداویستییە پزیشکییانەی بۆ کوردستان دێن، بۆ ئاوارەکانی مووسڵ و ناوچەکانی دیکە بەکار دێن.
kdp-
