برازایەکی مام جەلال: سەرکردایەتیی یەکێتی دەزانن کە کەس شوێنی تاڵەبانی ناگرێتەوە
شێخ عەلی شێخ حەمەساڵح، بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و برازای مام جەلال، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێستا دۆخی تەندروستیی تاڵەبانی باشە، بەڵام بۆ گەڕانەوە بۆ مەیدانی سیاسی، دەگەرێتەوە سەر پزیشکەکان، ئەوان دەبێت ئەو بڕیارە بدەن، چونکە لە کوردستان کاری سیاسی زۆر ئاڵۆز بووە و کاتی دەوێت تا بتوانیت خۆت بەسەر گرفتەکاندا زاڵ بکەت، بۆیە دەبێت پزیشکەکان بڕیاری ئەوە بدەن کە تاڵەبانی بگەرێتەوە بۆ کاری سیاسی، بەڵام ئێمە وەک بنەماڵەی تاڵەبانی، ئەوەندە دەڵێین کە تەندروستی باشترە بووە، باوەریش ناکەین جارێکی دیکە پزیشکەکان رێگا بدەن تاڵەبانی بگەرێتەوە بۆ مەیدانی سیاسی و خۆشی تەمەنی کردووە”.
ئەوەشی روون کردەوە کە ئێستا دەستەکانی تاڵەبانی جووڵەیان هەیە و “کەمێک قسە دەکات”، بەڵام ناتوانێت بە تەواوەتی قسە بکات، چونکە “نەخۆشییەکەی وایە، کەسی بەرانبەریشی دەناسێتەوە و کە قسەشی بۆ دەکرێت، شتەکانی بیر دێتەوە و سەر دەجوولێنێت وەک ئەوەی ئاگادارە لە ڕووداوەکان".
شێخ عەلی دەڵێت: "مام جەلال یەکێتی کۆکردووەتەوە و پەیوەندی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان دروست کردووە و خۆی خاوەنی بڕیار بووە، ئیستاش هەر کەسێک هەڵدەستێت، خۆی دەکات بە شت، بەڵام سەردەمی تاڵەبانی سیاسەتکردن بە ئەزموون و دونیا دیتەیی بوون لە ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی و هەرێمی بوو، بۆیە بەدوورکەوتنەوەی شوێنی دیارە لەناو یەکێتی".
برازاکەی تاڵەبانی لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە کەس شوێنی تاڵەبانی ناگرێتەوە، “سەرکردایەتیی یەکێتی خۆشیان ئەوە دەزانن، بەڵام دەبێت سیستەمێکی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی بدۆزرێتەوە، چونکە ئەم حزبە کاریزمای نەماوە، یەکێتیش جیاوازە لەگەڵ حزبەکانی دیکە، مام جەلال بۆ خۆی مام جەلال بوو، ئێستا ئەگەر کاک باڤیڵی کوڕی ڕۆڵێکی باش ببینێت، ئەوە دەتوانێت لە کۆنگرە دەنگی بدەنێ، بەڵام ئەمەر کافی نییە کە باڤیڵ کوڕی مام جەلالە، دەبێت خۆشی توانای هەبێت، حزب ئەوە خۆی دیاری دەکات”.
شێخ عەلی باسی لەوە کرد کە چانسێک هەیە، ئەویش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە باڤیڵی کوڕی مام جەلال خۆی پەیوەندیی باشی لەگەڵ حزبەکاندا هەیە، “گرنگە خۆشی ئەو دەورە ببینن بۆ ئەو پۆستە”. گوتیشی: “کەس و کاری تاڵەبانی دەتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن لە داهاتووی یەکێتیدا، بەڵام بوونی تاڵەبانی یان خزمایەتیی تاڵەبانی هەموو شتێک نییە، ئەوان خۆیان ڕۆڵی خۆیان دەبینن، گرنگە ئەو ڕۆڵە کەم نەکەنەوە". ڕوونیشی کردەوە کە جەماوەری یەکێتی جەماوەرێکی بەهێزە، لە کاتێکدا ”جاری وا هەبووە سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ حزبەکە سەرئێشە بوون”.
بە بڕوای برازاکەی سکرتێری گشتیی یەکێتی، ئەگەر تاڵەبانی لە گۆڕەپانی سیاسیدا بووایە، ئەوا “پەیوەندیی یەکێتی و پارتی نەدەگەیشتە ئەو ئاستە”، هەرچەندە ئێستا پەیوەندییەکە “خراپ نییە”، بەڵام لەو ئاستەدا نەبووە کە تاڵەبانی هەوڵی بۆ داوە. ئەوەشی ڕاگەیاند: “تاڵەبانی خۆی لە نەوەدەکان داڕێژەری پەیوەندیی تورکیا و هەرێمی کوردستان بوو، بەتایبەت لە سەردەمی تورگوت ئۆزال، ڕۆڵێکی زۆر باشی بینی و ئەو گرژییەی لە نێوان تورکیا و پەکەکە هەبوو، تاڵەبانی هێوری کردەوە، ئێستاش هەوڵێک هەیە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی تورکیا و یەکێتی، هەرچەندە خراپ نییە، بەڵام دەکرێت پەیوەندیی زیاتر هەبێت، بەڵام گرنگە ئەم پەیوەندییانە لە ڕێگای حکوومەتەوە بێت، چونکە ئەمە زیانە بۆ داهاتووی کوردستان، گرنگە حکوومەت ستراتیژیەتی پەیوەندیی حکوومەت دیاری بکات”.
باسنیوز
