بارزانی: کوردانی ئێزیدی بەشێكی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی كوردستانن

 بارزانی: کوردانی ئێزیدی بەشێكی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی كوردستانن
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سیشەممە لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی "چارشەمباسۆر"ی ئێزدیان، پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان کردووە.

لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا، هاتووە "

به ‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئێزدی، جه‌ژنی چارشه‌مبا سۆر، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی له‌ كوردستان و جیهان ده‌كه‌م.

کوردانی ئێزیدی بەشێكی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی كوردستانن. خۆشی و نەهامەتییەكانی ئەوان خۆشی و نەهامەتیی گەلی كوردستانە. بە درێژایی مێژوو خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بەهۆی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەییان تووشی كارەسات هاتوونە، بەڵام پابەندبوونیان بە ناسنامەی کوردایەتی و ئاینییان هەموو پیلان و ستەمێكی لەدژی ئەوان پووچەڵ كردووەتەوە.

سوپاس بۆ خودا بە گیانفیدایی پێشمەرگە تیرۆریستانی داعش تێكشكێندران و داعش باجی تاوانەكانیدا و سەری كەوتە ژێر پێی ئێزیدییەكان و چیتر نابێ ڕێگە بدرێت هیچ كارەسات و نەهامەتییەكی تر دەرهەق خوشك و برا ئێزیدییەكانمان دووبارە ببێتەوە.

لە جەژنی سەری ساڵی ئێزدیدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە گەلی كوردستان پاڵپشتی ئێزیدییەكانە و ڕێگەیش نادرێت هیچ لایەنێك خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت و بڕیاردان لە چارەنووس و داهاتوویان تەنیا لە دەستی خودی ئێزیدییەكاندا دەبێت.

مسعود بارزانی

18ـی 4ـی 2017







باسنیوز
Top