یەكەیەكی نوێی هێزی ئاسمانی كەنەدا بەرەو هەرێم بەڕێكەوتن

یەكەیەكی نوێی هێزی ئاسمانی كەنەدا بەرەو هەرێم بەڕێكەوتن
لەچوارچێوەی پابەندبوونی كەنەدا بە شەڕی دژ بە داعش، نزیكەی 60 سەربازی سەر بە هێزی ئاسمانی كەنەدا دوێنێ بەرەو بنكەیەكی سەربازی نزیك هەولێر بە رێكەوتن.

وەزارەتی بەرگریی كەنەدا دوێنێ لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، نزیكەی 60 سەربازی سەربە یەكەی 408ی هێلیكۆپتەری تاكتیكی لە بنكەیەكی سەربازی لەشاری ئیدمۆنتۆنی ویلایەتی ئەلبێرتای ئەو وڵاتەوە بەرەو هەرێمی كوردستان بەڕێكەوتوون، و لەوێ لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعشدا ئەركی خۆیان بەجێدەهێنن.

وەزارەتەكە ڕونیكردووەتەوە، ئەم یەكە نوێیە جێگای یەكەی هێلیكۆپیتەری تاكتیكی 430 دەگرنەوە كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی پارەوە لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتی دژی داعشدا دەجەنگن.

جەختیشیكردووەتەوە،كە سەربازانی یەكەی408 زیاتر لە چوار هێلیكپۆتەر ی جۆری گریفۆن (CH-146) كەلەبنكەی ئیرابل لە نزیك هەولێر جێگیركراون بۆ بەجێهێنانی ئەركەكانیان لە گواستنەوەی هێزە كەنەدییەكان و پێداویستی بەكاردەهێنن.

هێلیكۆپتەرەكان سیستمی بەرگریی ئۆتۆماتیكی لەخۆگرتووە بۆ بەرگریی كردن لەهەر هێرشێكی چەكدارانی داعش.





خەندان-
Top