بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر ھۆکاری پچڕانی ئاوی ماڵان ئاشکرا دەکات
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، ڕایگەیاند: "ھیچ ھۆکارێکی تەکنیکی لە پشت ڕاگرتنی دابەشکردنی ئاوی گەڕەکەکانی ھەولێرەوە نییە، بەڵکوو تەنیا ھۆکار زیادبوونی ڕێژەی ئاوی زێی گەورەیە، چونکە لەو چەند ڕۆژەی پێشوودا بەڕێژەیەکی بەرچاو باران باری و بەو ھۆیەشەوە ڕێژەی لێڵی ئاوی زێی گەورە بۆ 9 ھەزار و 500 (ئێن تی ئۆ) بەرز بووەوە، ھەروەھا پرۆژەکانی (ئیفراز یەک، ئیفراز دوو، ئیفراز سێ و قەندیل)یش تەنیا توانای پاککردنەوەی سێ ھەزار (ئێن تی ئۆ)یان ھەیە، بۆیە بەرھەمھێنانی ئاومان ڕاگرت".
زیادبوونی ڕێژەی باران بارین پاڵەپەستۆ لەسەر پرۆژەکانی پاکردنەوەی ئاو دروست دەکات، ئاری ئەحمەد، ھێمای بۆ ئەوەش کرد: "لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە 15/4/2017، بۆ بەرھەمھێنانی ئاوی خاوێن و دابەشکردنیان بەسەر گەرەکەکانی شاردا، پڕۆژەکانی پاککردنەوەی ئاو خراونەتەوە کار، لەسەرەتاشدا ئاو بەسەر گەڕەکەکانی سنووری شارەوانیی یەک، شارەوانیی دوو، شارەوانیی سێ و چواردا دابەش کراوە".
باسنیوز
