بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر ھۆکاری پچڕانی ئاوی ماڵان ئاشکرا دەکات

 بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر ھۆکاری پچڕانی ئاوی ماڵان ئاشکرا دەکات
بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر ڕای دەگەیەنێت، بەھۆی زۆری بارانبارین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاستی ئاوی زێی گەورە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز بووە، بۆیە ئەو شوێنانەی ئێمە ئاوی تێدا پاک دەکەینەوە، ڕامانگرتن.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، ڕایگەیاند: "ھیچ ھۆکارێکی تەکنیکی لە پشت ڕاگرتنی دابەشکردنی ئاوی گەڕەکەکانی ھەولێرەوە نییە، بەڵکوو تەنیا ھۆکار زیادبوونی ڕێژەی ئاوی زێی گەورەیە، چونکە لەو چەند ڕۆژەی پێشوودا بەڕێژەیەکی بەرچاو باران باری و بەو ھۆیەشەوە ڕێژەی لێڵی ئاوی زێی گەورە بۆ 9 ھەزار و 500 (ئێن تی ئۆ) بەرز بووەوە، ھەروەھا پرۆژەکانی (ئیفراز یەک، ئیفراز دوو، ئیفراز سێ و قەندیل)یش تەنیا توانای پاککردنەوەی سێ ھەزار (ئێن تی ئۆ)یان ھەیە، بۆیە بەرھەمھێنانی ئاومان ڕاگرت".

زیادبوونی ڕێژەی باران بارین پاڵەپەستۆ لەسەر پرۆژەکانی پاکردنەوەی ئاو دروست دەکات، ئاری ئەحمەد، ھێمای بۆ ئەوەش کرد: "لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە 15/4/2017، بۆ بەرھەمھێنانی ئاوی خاوێن و دابەشکردنیان بەسەر گەرەکەکانی شاردا، پڕۆژەکانی پاککردنەوەی ئاو خراونەتەوە کار، لەسەرەتاشدا ئاو بەسەر گەڕەکەکانی سنووری شارەوانیی یەک، شارەوانیی دوو، شارەوانیی سێ و چواردا دابەش کراوە".






باسنیوز
Top