هەدەپە: لە رۆژی ریفراندۆمدا 353 ئەنداممان دەستگیر کراون

 هەدەپە: لە رۆژی ریفراندۆمدا 353 ئەنداممان دەستگیر کراون
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایدەگەیەنێت، کە لە رۆژی ریفراندۆمدا، 353 ئەندامی ئەو حزبە دەستگیر کراون.

رۆژی دووشەممە 17.4.2017، عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی هەدەپە رایگەیاند، ئەنجامی ریفراندۆمی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا ئەو وڵاتە بەرەو مەترسیی دەبات.

عوسمان بایدەمیر هەروەها رایگەیاند، لە رۆژی ریفراندۆمەکەدا، بەشێک لە ئەندامەکانیان نەگەیشتوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و 353 ئەندامیشیان دەستگیر کراون.

گوتەبێژی هەدەپە بە نیشاندانی گومانی حزبەکەی لەسەر ئەنجامی ریفراندۆمەکە، رایگەیاند، ریفراندۆمەکە لە بارودۆخێکی نالەبار بەڕێوە چوو.

رۆژی یەکشەممە 16.4.2017، هاووڵاتییانی باکووری کوردستان و تورکیا چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، تاوەکو بە بەڵێ یان نەخێر، هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەمواری دەستووری تورکیا دەرببڕن.

بەپیی ئەنجامە نافەرمییەکان، %51.4ـی هاووڵاتییانی بەشداربوو دەنگیان بە بەڵێ دا و %48.6ـیش دەنگیان بە نەخێر دا.

هەردوو پارتیی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار و بزووتنەوەی نەژادپەرستی تورکیا (مەهەپە) پشتگیریی هەموارکردنەوەکەیان دەکرد و هەدەپە و پارتی گەلی کۆماری‌یش دژایەتیی هەموارکردنەوەکەیان دەکرد.

بەپێی دەستوورە هەموارکراوە، ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا هەڵدەوەشێتەوە و دەسەڵاتەکەی رادەستی سەرۆک کۆمار دەکرێت.







باسنيوز
Top