محەمەد بازیانی: رەنگە لەڕێگای دەستوورەوە هەوڵێک بۆ لەناوبردنی ڕیفراندۆم هەبێت

 محەمەد بازیانی: رەنگە لەڕێگای دەستوورەوە هەوڵێک بۆ لەناوبردنی ڕیفراندۆم هەبێت
سەرۆکی ڕەوتی چاکسازی و گەشە ئاماژە بەوە دەکات کە لە پرسی ریفراندۆمدا بەغدا هەوڵی زۆر دەدات تا ئەو پرۆژەیە سەر نەگرێت و یەکێک لەو رێگایانە لەوە دەچێت پەیوەندیی بە گۆڕانکاریی دەستوورییەوە هەبێت.

محەمەد بازیانی، گوتی: "دەستوور بە ڕێککەوتنی هەر سێ پێکهاتەی شیعە و سوننە و کورد دانراوە، هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکاری لەو دەستوورە بەبێ ئەو سێ پێکهاتەیە ناکرێت و ئەگەریش بکرێت، کوودەتایە بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا، بەڵام بەداخەوە ئیستا دەستوور بووەتە پشتیوانی دەسەڵاتی بەغدا، بۆیە هەوڵێک هەیە لەڕێگای گۆڕانکاری لە دەستوور پێش لە ڕیفراندۆم بگیرێت".

گوتیشی: "پرسی ڕیفراندۆم لە دەستووری عێراق هاتووە و هەیە و ئێستاش گەلی کوردستان داوای ڕیفراندۆم دەکەن، هەروەک پێشووتر لە ڕوومادی داوای بە هەرێمکردنی شارەکەیان دەکرد، بەڵام بینیمان چۆن ڕووبەڕوویان بوونەوە، دواتر لە بەسرەش داوای بە هەرێمکردنی ناوچەکەیان کرد و ئەوانیش پرۆژەکەیان لەناو برا، بۆیە دەبێت گەلی کوردستان وریا بێت لەو فێڵانەی بەکار دەهێنرێت و بەتایبەت دوایین لێدوانی حەسەن نەسرەوڵا، سەرۆکی حزبوڵا گوایە دەیەوێت دەستوری عێراق بگۆڕێدرێت و بارزانی بکرێتە سەرۆکی عێراق".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەم دەستوورەی هەیە لە بەرژەوەندی بەغدا و هیلالی شیعە دایە"







باسنیوز
Top