داوا لە پەکەکە دەکرێت چارەنووسی 8 ئەفسەری ڕفێندراوی کورد ئاشکرا بکات
سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان کە ناوەندەکەی لە شاری (هانۆڤەر)ی ئەڵمانیایە، لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئەوەی ڕوون کردەوە کە ڕۆژی 16/4/2013، هەشت ئەفسەری پلە جیاجیای سوپای سووریا، دوای جیابوونەوەی لەو سوپایە، بەرەو هەرێمی کوردستان هاتوون، بەڵام لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو ئەفسەرانە پچڕاوە و ڕفێندراون. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەو کاتە تاکە هێز لەو ناوچەیەدا لە بەشی ڕۆژئاوای کوردستان، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بووە کە هێزێکی سەر بە پەکەکەیە.
هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرەڕای داخوازییەکی زۆری کەسوکارەکانیان، بەڵام یەپەگە و پەیەدە و پەکەکە هیچ بەدەنگەوەهاتنێکیان نەبووە و هێشتا چارەنووسی ئەو ئەفسەرانە بە نادیاری ماوەتەوە.
لە هەمان ڕاگەیاندراودا ئەوە ئاشکرا کراوە کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک یەکینەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سنووری شاری (ئەعزاز)ی سنووری لەگەڵ شاری عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای حەلەب، لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە کە خۆیان وەک سەرکردەی یەپەگە دەناسێنن، کۆبوونەتەوە، داوایان لێ کردوون کە چارەنووسی ئەو ئەفسەرە کوردانەی ڕفێندراون، ئاشکرا بکرێت، بەڵام پەکەکە داوای لێ کردوون کە دۆسیەی ئەو ئەفسەرانە نەکرێتەوە و دواتر ڕاستەوخۆ دانوستانەکانی ڕاگرتووە.
ڕێکخراوەکە داوای لە پەکەکە کردووە، چارەنووسی ئەو ئەفسەرانە ئاشکرا بکات و بەرپرسیارێتیی تەواوی ژیانیشیانی خستووەتە ئەستۆی پەکەکە و باڵەکانی لە سووریا. دووپاتیشی کردووەتەوە کە ڕفاندنی ئەو ئەفسەرە کوردانە لە کاتێکدایە کە دەیان سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی پەکەکە لەلایەن چەکدارانی ئەو حزبەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕفێندراون و پێشێلکارییەکانیش لە دژی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە.
ئەفسەرە کوردە ڕفێندراوەکان ئەمانەن:
١- عەمید ڕوکن محەمەد خەلیل ئەلعلی، خەڵکی شارۆچکەی ئەلباب
٢- عەقید محەمەد هەیسەم ئیبراهیم، خەڵکی شاری عەفرین.
٣- عەقید محەمەد کلە خەیری، خەڵکی شاری عەفرین.
٤- عەقید حەسەن ئۆسۆ، خەڵکی شاری عەفرین.
٥- ڕائید بەهزاد نعسۆ، خەڵکی شاری عەفرین.
٦- موقەدەم شەوقی عوسمان، خەڵکی شاری عەفرین.
٧- نەقیب حوسێن بەکر، خەڵکی شاری عەفرین.
٨- مولازمی یەکەم عەدنان ئەلبرازی، خەڵکی کۆبانێ.
باسنيوز
