دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاری 3 ھەزار و ٥٠١ منداڵی بێباوک دەکات
ئەمڕۆ رێکەوتی ١٦/4/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ھەڵمەتێکی نوێی ھاوکاریکردنی منداڵانی بێباوکی بەڕێوەبرد، 3 ھەزار و ٥٠١ منداڵ بە سپۆنسەری دەوڵەمەندان و خاوەنکارو کۆمپانیاکانی کوردستان بۆ ماوەی پێنج مانگ ھاوکارییان بۆ دابین دەکرێت.
لە پارێزگای ھەولێر ٩٣٥ منداڵ، لە سلێمانی ٧٤١ منداڵ، لە دھۆک ٧٠٦ منداڵ و لە ئیدارەی گەرمیانیش ھەزار و ١١٩ منداڵی بێباوک (ئازیز) لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا مانگانە بڕی ٢٥٠ دۆلار ھاوکاری ماددییان بۆ دابین دەکرێت.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە پرۆژەی چاودێری ئازیزان ڕایگەیاند: ''لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاودێری ئازیزاندا ١٧ ھەزار منداڵی بێباوک ھاوکاری ماددیان بۆ دابین کراوە و لە ھەڵمەتی ئەمجارەی پڕۆژەکەدا بە سپۆنسەری دەوڵەمەندان و خاوەنکارو کۆمپانیاکانی کوردستان 3 ھەزار و ٥٠١ منداڵی بێباوک سوودمەند دەبن''.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو: "دەوڵەمەندان و خاوەنکارو کۆمپانیاکانی کوردستان، سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆکی ھەرێمەکەمانی گرتۆتەوە، ھێشتا لە ھاوکاریکردنی و پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامن، جێگەی شانازیمانن و زۆر سوپاسیان دەکەین''.
جێگای ئاماژەیە پرۆژەی چاودێری ئازیزیان لە مانگی سێدا ھەڵمەتێکی ھاوکارییەکانی بەڕێوەبرد، کە تیایدا بە سپۆنسەری ھەریەک لە وڵاتانی سعودیە و کوێت ھاوکاری ٥ ھەزار منداڵی شەھیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعش کرد و ئێستاش لە ھەڵمەتێکی دیکەدا ھاوکاری 3 ھەزار و 501 منداڵی دیکە بە سپۆنسەری دەوڵەماندان و کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
پرۆژەی چاودێری ئازیزان لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دامەزراوە، و ھەتا ئێستا ١٧ ھەزار منداڵ لەو پرۆژەیە سوود مەند بوون، ھەریەک لە مانگی سووری ئیماراتی، وڵاتانی کوێت، سعودیە، دەوڵەمەند و کۆمپانیاکانی کوردستان سپۆنسەری پڕۆژەکەیان کردووە.
