سەرچاوەیەک: پەکەکە چەکی ئەمەریکایی داوەتە دەست ڕژێمی سووریا

سەرچاوەیەک: پەکەکە چەکی ئەمەریکایی داوەتە دەست ڕژێمی سووریا
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرای دەکات، "پەکەکە چەکی ئەمەریکایی داوەتە دەست ڕژێمی سووریا و لە ئێستایشدا پەکەکە دەیەوێ چوار سەرکردەی خۆی دووربخاتەوە کە ئەم نهێنییەیان درکاندووە."

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە نەیویست ناوی ببرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بەشێکی زۆر لەو چەکانەی کە ئەمەریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش دابوویە باڵێکی پەکەکە لە سووریا، ئێستا کەوتوونەتە دەستی ڕژێمی سووریا.''

سەرچاوەکە دەشڵێت: ''ماوەی دوو ڕۆژە چەندین چەکداری ناو سوپای سوریایی دیموکرات (هەسەدە)، لەلایەن پەکەکەوە دوور خراونەتەوە، چونکە پێیان وایە ئەوانە زانیاریان لەسەر دزەکردنی چەکی ئەمەریکایی لە سوپاکەی پەکەکەوە بۆ نێو سووپای ڕژێمی سووریا درکاندووە و پەکەکە دەیەوێ چوار سەرکردەی هەسەدە دوور بخاتەوە، کە لەنێویاندا گوتەبێژی هێزەکەش هەیە.''

ئەگەرچی سەرچاوەکە جۆر و ژمارەی چەکەکەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، کە چەکەکان چەکی دەستین و جۆری سووکن.

هەر سەبارەت بە دزەکردنی چەکی ئەمەریکایی کە وەک سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، پەکەکە داویەتە ڕژێمی سووریا، (خالید عەلی)، نوێنەری (ئەنەکەسە) لە باشووری کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هێنانی بەشێک لە سەربازەکانی ئەمەریکا بۆ سووریا بۆ ئەوەیە تا چەکی ئەمەریکایی نەکەوێتە دەست هیچ هێزێک، چونکە ئەمەریکا لەو بارەوە ئەزموونی تاڵی هەیە و کاتێک ئەو چەکانەیان بۆ پەروەردەی ئۆپۆزسیۆن بەکارهێنا، چەکەکان کەوتنە دەست بەرەی نووسرە و، ئیستا ئەگەر پەکەکە ئەو چەکانە بداتە دەست حکوومەتی سووریا، ئەوکاتە گەورەترین مەترسی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان دروست دەبێت و پەکەکەش زیاتر دەخاتە بەردەم پرسیارەوە.''

لای خۆیشیەوە چاودێری سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان، (مەرڤان بادینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە ئۆپەراسیۆنی ڕەققەدا، ئەمەریکا هاوکاریی هێزی هەسەدەی پەکەکەی کرد، ئێستاش ئاشکرا بووە بەشێک لەو هێزە پێوەندیی لەگەڵ حکوومەتی سووریا هەیە و، لەڕێی پەیەدە، باڵی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە، ئەو چەکە ئەمەریکاییانە دزەیان کردووەتە نێو سووپای رژێمی سووریاوە.''

kdp-
Top