گەرمیان.. ڕێوڕەسمی تایبەت بە 29یەمین ساڵیادی ئەنفال بەڕێوە دەچێت
بێستون ژاڵەیی گوتەبێژی ڕێوڕەسمی بیست و نۆیەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفال، "ئەمڕۆ 14/4/2017 لە بیرەوەریی بیست و نۆیەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، لە مەزاری ئەنفالكراوان لە گوندی دێبنەی سەر بە شارەدێی ڕزگاری ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوە دەچێت".
گوتیشی "سەرەتای ڕێوڕەسمە كاتژمێر 9 بە لادانی پەردە لەسەر وێنەی شێخ حوسێن هەزاركانی لە مەزارەكە دەست پێ دەكات و دواتر وتاری وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و كەسوكاری ئەنفالكراوان دەخوێندرێتەوە و ژمارەیەك چالاكی هونەرییش پێشكەش دەكرێن، هاوکات لەگەڵ دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ئەنفالكراوان".
ئاماژەی بەوەش کرد "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش كۆنفرانسێكی تایبەت بە پێكهێنانی دادگای باڵای تاوانەكان لە كوردستان و بەنێودەوڵەتیكردنی جینۆسایدی گەلی كورد ساز دەکرێت و ژمارەیەك چالاكی هونەری و وەرزشی ئەنجام دەدرێن".
ئاماژەی بەوەش دا "لە ڕۆژانی ئایندەشدا ژمارەیەك چالاكی دیكە بەو بۆنەیەوە ئەنجام دەدرێن".
bas news-
