سۆران.. یادی 29 ساڵەی ئەنفال دەکرێتەوە
وەیسی سەعید وەیسی، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 13/4/2017 لە ساڵیادی کارەساتی ئەنفال، کە 29 ساڵ بەر لە ئێستا ڕژێمی بەعسی لەناوچوو بەمەبەستی سڕینەوەی ناسنامە و کولتووری گەلی کورد، لەژێر ناوی سوورەتێکی قورئانی پیرۆز، دوور لە ھەموو بەھا ئایینی و ئینسانییەکان دەرحەق بە گەلی کوردستانی ئەنجامی دا، کە ھەمیشە ئایین پەروەری و ئیسلام دۆستی لە سەرووی ھەموو پیرۆزییەکانی ژیانیانە کە ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیپەکانی ئایینی ئیسلامە، چونکە لە دیدی ئیسلامدا، ھیچ کات مرۆڤ ئەنفال و قەتل و عام ناکرێت، کە بەداخەوە ئەوکات جیھانی ئیسلامی ھەڵوێستیان نەبوو و بێ دەنگ بوون لە ئاست ئەو زوڵم و ستەمەی بەرامبەر گەلی کورد دەکرا".
گوتیشی: "خەڵکی کوردستان ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکەن، کە سەرەتایەکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کە سارێژی برینی ئەنفال و ھەموو ئێش و ئازارەکان تەنیا سەربەخۆییە، ھەروەک بەناوی مامۆستایانی ئایینی دووپاتی پاڵپشتی و پشتیوانی مامۆستایانی ئایینی دووپات دەکەمەوە، بۆ ھەنگاوەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕیفراندۆم".
بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد: "لە ئاستی ھەستیاریی قۆناغەکەدا بن و ھەوڵی سەرخستنی ڕیفراندۆم بدەن، تا لە سایەیدا بە ئاشتییانە ببینە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ".
دواتر مەلا خالید مەلەکی، بەرپرسی لقی سۆرانی یەکێتیی زانایان، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ دوژمنانی کورد، گوتی: "ھیچ کارەساتێک ناتوانێ کورد لەناوبەرێت، ئەمڕۆش لە مزگەوتی سەروەران ئاڵای کوردستانی ھەڵکرا".
لەکۆتایشدا لەلایەن قوتابیانی ئایینی بەھەمان بۆنەوە چەندین پارچە شیعر و پەخشان خوێندرانەوە، کە گوزارشتیان لە خۆشەویستیی کوردستان، ئاڵا، پێشمەرگە و شەھیدان دەکرد، ھەر بەھەمان بۆنەوە وەک گوزارشتێک لە 29 ساڵەی کارەساتی ئەنفال، 29 نەمام چێنران و بە خوێندنەوەی چەند نزایەک بۆ سەربەرخۆیی کوردستان و سەرکەوتنی پێشمەرگە کۆتایی بە مەراسیمەکە ھات.
باسنیوز
